قوباد تاڵەبانی: لە سوریای نوێدا دەبێت مافەکانی کورد پارێزراوبێت

جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەیدا فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، پێویستە کورد مافەکانی پارێزراوبێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا كۆبوووە و تیایدا تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش دۆخی سوریا کرا و قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، سەرباری دەرکەوتنی هەندێک ئاماژەی ئەرێنی لە سوریاوە، بەڵام بارودۆخەکە بە گشتی هەستیارە. هیوای خواست لە سوریای نوێدا مافی هەموو پێکهاتەکان و بە تایبەتیش مافەکانی کورد پارێزراوبێت.

سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند پێویستە کورد لەم بارودۆخەدا یەکگرتوو و یەکدەنگ بێت و پێگە و مافەکانی لە سوریایەکی یەکگرتوو و دیموکراتی گەرەنتی بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی مەترسیی گروپە تیرۆریستییەکان و بە تایبەتیش داعـش بۆسەر سەقامگیری ناوچەکە کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە داعـش هێشتا مەترسییەکانی گەورەیە. هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی تیرۆریستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە دواین کۆبوونەوەی وەفدەکانی دانووستانکاری یەکێتی و پارتی بە ئەرێنی هەڵسەنگێندران و جەختیش کرایەوە لەسەر هەنگاوی کردەیی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

 

بابەتی پێشتر

بەهاری عەرەبی ئەو شۆڕشەی بەر لە 14 ساڵ بە درووشمی "گەل دەیەوێت سیسم بڕوخێت" دەستیپێکرد

بابەتی دواتر

هەسەدە: تا كۆتایی بەرگری لە كۆبانێ دەكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share