ئەندامێکی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن تا هیچ مووچەیەکی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت.
رێباز عەباس ئەندامی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی لە بەغداد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو لیستی مووچەیەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە نێردراوە بۆ بەغداد زۆر باشتر و گشتگیربووە بەراورد بە دامەزراوەکانی دیکەی عێراق، وەزارەتی دارایی بە ئەمانەتەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەرخەتین تا بتوانین ئەو بڕە پارەیە وەربگرین کە بڕیاری ناردنی دراوە بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی 10.
وتیشی، لیستی مووچەی مانگی 11 وردبینی کراوە و تەنها ناردنی پارەکەی ماوە، رۆژی یەکشەممە لیستی مووچەی مانگی 12 رەوانە کراوە و لە قۆناغی وردبینیدایە و ئەگەر شتێک نەیاتە پێش بە زووی دابەشدەکرێت.
دڵنیاییشیدا، هەوڵی تەواودەدەن کە هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت، هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی مافی مووچەخۆران دەیکەن.