بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەربارەی وادەی دابەشكردنی مووچە ئاشكراكرا

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و 12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەشبکرێت.

دەشڵێت، بەداخەوە بەهۆی رێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 12ین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12 وەردەگرن، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم تائێستاش مووچەی مانگەکانی 10 و 11ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا، بەپێی راگەیەندراوەكەی لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، راپۆرتێکیان دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە بابەتی مووچە و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدرال و خشتەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025 پێشکەشکرد.

ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێکردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم کەموکوڕیی لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەی بە تەواوی و بەبێ کەموکوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە.

ئەنجومەنی وەزیران داواش لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات، لە کۆبوونەوەی داهاتوویان کە بڕیارە سبەی ئەنجامبدرێت، پشت بەو دەسەڵاتەی پێیاندراوە، بە گوێرەی ماددەی 60 لە یاسای بودجەی عێراق، چارەسەری بنەڕەتی کورتهێنانی تەرخانکراویی مووچەی هەرێم بکەن، تا مووچەخۆرانی هەرێم، هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەکانیان بە تەواویی و لە وادەی یاسایی خۆیان وەربگرن و چی دی پاساو و بیانووی تەکنیکی، نەکرێتە بەربەست لە بەردەم شایستە داراییەکانی مووچەخۆران کە پێویستە دووربێت لە هەموو ناکۆکییەک.

حکومەتی هەرێم دەستخۆشی لە هەموو هەوڵێک دەکات لەسەر ئاستی فیدراڵی و هەرێمی بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و، وەزارەتی دارایی و ئابوری راسپارد کە لەکاتی گەیشتنی هەر بڕە پارەیەکی دیكە لە بەغدادەوە بۆ تەواوکاری مووچە، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەكان بکات.

هەروەها بڕیاردرا، وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەفتەی داهاتوودا بۆ بەدواداچوونی پرسی هەموارکردنەوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتە داراییەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025، سەردانی بەغداد بکات.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەر لە چوارچێوەی یەکخستنەوەی رێکار و رێسا داراییەکان لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابوری، پێشنیاری هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجومەنی گشتیی راژەی بۆ هاوتاکردنی ناونیشانە وەزیفییەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی خشتەی نوێی ناونیشانە وەزیفیەکان کە لە یاسای ساڵی 2024ی هەموارکراوی میلاک هاتوون، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی راسپارد بەدواداچوون بۆ ئەم هەموارە بکەن کە لە خشتەی ناونیشانە وەزیفییەکانی یاسای میلاکدا هاتووە، بە رەچاوکردنی تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێم و بەرژەوەندیی فەرمانبەران تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە خستنەڕووی راپۆرتێکی ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی دۆخی پێکهاتەکان و بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە پاراستن و داکۆکیکردن و پەرەپێدانی مافەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستان، دووپاتکردەوە.

بابەتی پێشتر

لە عەلوەی سلێمانی دەستبەسەر بڕێک فاسۆلیادا گیرا ‏

بابەتی دواتر

وەزیری پەنابەرانی ئەفغانستان لە تەقینەوەیەکدا کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share