وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، لیستی مووچەی مانگی 12 ی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغداد کراوە.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمدا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە لیستی مووچەی مانگی کانونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەغداد 761 ملیار دیناری وەک مووچەی مانگی 10 رەوانەی هەرێم کردووە، بەڵام بەهۆی کورتهێنانەوە تا ئێستا لیستی مووچە رانەگەیەندراوە.
سەبارەت بە مووچەی مانگی 11 ش لە 26 ی مانگی رابردووەوە لیستەکەی رەوانەی بەغداد کراوە، بەڵام تا ئێستا بەغداد پێداچوونەوەی تەواونەکردووە و هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نەناردووە.