دوای گرژی و ئاڵۆزییە بەردەوامەكانی سوریا، ژمارەیەك سەربازی سوپای سوریا هاتوونەتە خاكی عێراقەوە كە ژمارەیان دوو هەزار سەرباز و ئەفسەری باڵایە و لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە پێشوازییان لێكراوە.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، ئاگاداری هاتنی ژمارەیەك سەربازی سوپای سوریابووین كە بۆ خاكی عێراق هاتوون و ژمارەیان دوو هەزار سەرباز دەبێت، هەروەها هێزەكانمان پێشوازییان لێكردوون.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەشێكی ئەوانەی هاتوونەتە خاكی عێراقەوە، ئەفسەر و پلەداری باڵای ناو ریزی سوپای سوریان و بە رەزامەندی هێزەكانی سوریای دیموكرات ”هەسەدە” و بە هاوكاریی فەرماندەی گشتیی سوپای عێراق رێگایان پێدراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی 10 رۆژە گرژی و ئاڵۆزیییەكان لە نێوان سوپای سوریا و گروپە چەكدارەكاندا بەردەوامە و ئەمڕۆش ژمارەیەك لەو سەرباز و ئەفسەرانە روویان لە سنوورەكانی عێراق كردووە.