ئەنچیلۆتی بۆ مباپێ: زووبێت یان درەنگ كارەكان باشتر دەبن

راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەڵێت، پێویستە مباپێ دان بەخۆیدا بگرێت و هەوڵی جددی بدات، چونكە زووبێت یان درەنگ كاروبارەكان باشتر دەبن.

مباپێ بەمدواییە دوو لێدانی سزای بەرامبەر یانەكانی لیڤەرپوڵ و ئەتلەتیك بلباو لەدەستدا.

دوای شكستەكەیان 1-2 بەرامبەر بلباو، ئەستێرە فەرەنسییەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاویكردەوە، بەرپرسیارێتیی خراپ دەركەوتنی لەئەستۆدەگرێت و كاردەكات بۆ ئەوەی باشترینی خۆی نیشانبدات.

كارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی شاهانە بەر لە رووبەڕووبوونەوەكەی ئەمڕۆیان بەرامبەر یانەی جیرۆنا وتی، “ئەو دەزانێت چی روودەدات، ئەوەشی دوای یاریی بلباو بڵاویكردەوە نیشانیدەدات یاریزانێكە دەزانێت چۆن یاری بكات و، توانای هەیە بەشێوەیەكی باشتر یاری بكات”.

وتیشی، “یاریزان هەن نازانن كە بەباشترین ئاستی خۆیان یاری ناكەن، بەڵام ئەو دەزانێت كە دەتوانێت بە باشترین شێوە یاری بكات، هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ باشبوون لە خێراترین ماوەدا”.

كیلیان مباپێ هاوینی رابردوو لە گرێبەستێكی ئازاددا رووی لە یانەی ریال مەدرید كرد، چاوەڕوان دەكرێت چوونی ئەستێرە فەرەنسییەكە بۆ یانە ئیسپانییەكە گۆڕانكاریی گەورە لە ئاستی یانەكەدا دروست بكات، بەڵام ئەنجامەكان تائێستا بەوجۆرە نین و، فەرەنسییەكە نەیتوانیوە لە بەرامبەر یانە گەورەكاندا گۆڵ تۆماربكات، جگە لە كەموڕییەكانی لە وەستان لە شوێنی ئۆفساید و لەدەستدانی لێدانی سزا.

ئەنچیلۆتی وتی، “لێدانی سزا پرسێكی دیكەیە و پێویستە دان بەخۆیدا بگرێت و، هەوڵبدات و بە جددی كاربكات، چونكە كارەكان باشتر دەبن زووبێت یان درەنگ”.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات سوریا جێبهێڵن

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share