زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “ئەمڕۆ شەڕ و دەمەقاڵێیەك لە نێوان دوو خوێندكار روویدا و بووە هۆی برینداربوونی خوێندكارێك كە دەمانەوێت بە هەموولایەكی رابگەیەنین پاڵپشت بە یاسا و رێنماییەكان رێكاری پێویستی كارگێڕیی گیراوەتەبەر و لەسەر بنەمای ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەكانیش بڕیاری دروستدەدرێت”.
بەپێی روونكردنەوەیەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە كاتێكدا، ئەمڕۆ مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكارانی زانكۆمان سەرقاڵی خۆشیی دەربڕین بوون بەبۆنەی تۆماركردنی سەركەوتنێكی ترەوە كە بۆ یەكەمجار زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی چووە ریزبەندیی دەزگای (Times higher education) بۆ زانكۆكانی وڵاتە عەرەبییەكان و توانی لەسەر ئاستە جیاوازەكان پلەی یەكەم و پێشەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام بەداخەوە هەر ئەمڕۆ لە كامپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی چوارچرا، شەڕ و دەمەقاڵێیەك لە نێوان دوو خوێندكار روویدا و بووە هۆی برینداربوونی خوێندكارێك.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە لێرەدا، وێڕای خواستنی هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ ئەو خوێندكارەمان، دەمانەوێت بە هەموولایەكی رابگەیەنین كە زانكۆمان پاڵپشت بە یاسا و رێنماییەكان رێكاری پێویستی كارگێڕیی گرتووەتەبەر و لەسەر بنەمای ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەكانیش بڕیاری دروستدەدات.
دەشڵێت، “بە پێویستیشی دەزانین سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بكەین سەبارەت بە گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان بۆ سزادانی سەرپێچیكاران و داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنيش دەكەین كە پیشەیی و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكە بكەن و لە قەبارەی خۆی گەورەترنەكرێت و بابەتەكە بەلاڕێدا نەبرێت.