قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی باڵای سەربازیی بەریتانیا كۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە شاندێكی باڵای سەربازیی بەریتانیا بە سەرۆكایەتیی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژكاری بەرگریی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێكران.

لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە، لە هەولێر بەڕێوەچوو و كونسوڵی گشتیی بەریتانیاش بە وەكالەت ئامادەیبوو، باسی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پڕۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە كرا و جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند، “لێكتێگەیشتنی باش دروستبووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو لایەنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەرێنی بوون”.

ئاماژەی بەوەشدا هەنگاوەكان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەن و گەشبینین بەم نزیكانە بە تەواوی كێشەكانی وەزارەت بە هاوكاری و پشتیوانی هەموو لایەك چارەسەربكرێن و ئەمەش رەوتی چاكسازییەكان لە هێزەكانی پێشمەرگە خێراتردەكات.

لەمبارەیەوە شاندی باڵای سەربازیی بەریتانیا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش بۆ بەردەوامیی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان كرا و هەردوولا جەختیان كردەوە كە پێویستە حكومەت و لایەنە عێراقییەكان هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ رێگریكردن لە هەرچەشنە هەنگاو و جووڵەیەك كە ببێتە هۆی بارگرژی و ناسەقامگیری لە عێراقدا و هەردوولاش هاوڕابوون كە مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق: لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی 9 دەدرێت

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆ دەدرێت. بەپێی زانیارییەکانی…
زیاتر ببینە

بەڵێننامە بە نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ پڕدەکرێتەوە کە سبەینێ لە هەولێر خۆپیشاندان نەکەن

دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیارە دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە پێی ئازادبکرێت. بەپێی ئەو…
Total
0
Share