راهێنانی چڕ و كورت مەودا تا 90 چركە لە رۆژێكدا دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەكانی دڵ و دەمار، وەك جەڵتە و پەككەوتنی دڵ، بەتایبەت لەنێو ئەو كچ و ژنانەی وەرزش بەشێوەیەكی رێكخراو ئەنجام نادەن.
توێژینەوەیەك، كە رۆژی سێشەممە ئەنجامەكانی لە گۆڤارێكی پزیشكیی بەریتانیدا بڵاوكرایەوە، دەریدەخات كە ئەنجامدانی چالاكیی جەستەیی بەهێزی رۆژانە بۆ ماوەی خولەك و نیوێك بۆ چوار خولەك، وەك بەخێرایی سەركەوتن بەسەر پلیكانەدا یان هەڵگرتنی شتی قورس، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەكانی دڵ و دەمار تا ئاستی نزیكەی نیوە لای ئەو كچ و ژنانە كەمدەكاتەوە كە راهێنانی وەرزشی بەشێوەیەكی رێكخراو ئەنجام نادەن.
توێژەران بۆ ئەم كارە چاودێریی تەندروستیی دڵ و دەمارەكانی 81 هەزار و 52 پیاو و ژنیان لە ناوەندی تەمەنی 61 ساڵدا كرد.
بەشداربووانی توێژینەوەكە، كە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی تەندروستی و توێژینەوەی پزیشكیی ئوسترالییەوە پاڵپشتی دەكرێت، ئامێرێكی چاودێریی چالاكییە جەستەییەكانیان لەبەركرد بۆ ماوەی كاتژمێرێك بە درێژایی حەوت رۆژ لەنێوان ساڵانی 2013 و 2015دا.
بەپێی توێژینەوەكە، سوودی ئەو جۆرە چالاكییە جەستەییە كورت و چڕە بۆ پیاوان كەمترە، بەجۆرێك ئەوانەی چالاكییەكانیان بۆ ماوەی 5.6 خولەكی رۆژانە بووە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكان بەڕێژەی 16% كەمبووەتەوە.
بەڵام ئەنجامەكە بۆ ئەوانەی راهێنانی وەرزشی بەشێوەیەكی رێكخراو ئەنجامدەدەن، بۆ هەردوو رەگەز جیاوازی تیادا بەدیناكرێت.