لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ فێستیڤاڵی هەنار دەستیپێکرد و بریارە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت، جوتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجەش یەکێکە لەبەشداربووان و ئەو بەرهەمە نوێیانەی کە لە وڵاتی ئەمریکاوە لەگەڵ خۆیدا هێناونی، نمایشییان دەکات.
ئازاد محەمەد، جوتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا چووەتە گوندێکی کشتوکاڵی و جوتیارەکانی گوندەکەی بەسەرکردووەتەوە، ئەوانیش کۆمەڵێک داهێنانی جیاوازی خۆیان نیشانی جوتیارەکە داوە و چەند نموونەیەک لە تۆوی بەرهەمەکانیان وەک دیاری پێداوە.
بەشێک لە بەرهەمە جیاوازەکان بریتیبوون لە، رووەکێکی شیرین وەک جێگرەوەی قامیشی شەکر، زەردەچەوەی تایبەت و چەندین بەرهەمی دیکەی جیاواز، ئازاد محەمەد وتیشی، “هیوادارم پاڵپشتی ئەم جۆرە رووەکە جیاوازانە بکرێت چونکە سوودی تەندروستی زۆر زیاترە و دەتوانرێت وەک جێگرەوە سوودی لێ ببیندرێت”.
ئەمە لەکاتێکدایە، فێستیڤاڵی هەنار لەشاری سلێمانی ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت، و تیایدا چەندین بەرهەمی جۆراوجۆری کوردەواری و سروشتی لەلایەن بەشداربووانەوە نمایشدەکرێت، هەم لە بەرهەمە خۆماڵییەکان و کاری دەستی.