بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆتا سەرژمێریی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی هەرێم شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە.
ئێستا دانیشتووانی هەرێم رێژەی 14%ی کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن، پێدەچێت رێژەکە زیاتریش ببێت بەوپێیەی ئامارەکانی سەرژمێری بەرایین.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم کاریگەری لەسەر پشکەکەی دەبێت لە بودجەی عێراقدا؟، د. نەبەرد کەریم، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دارایی و ژمێریاری، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پشکی هەرێم لە بودجەی عێراقدا بۆ ساڵی 2025، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت، چونکە پشکی هەرێم لە بودجە سێ ساڵییەکەی عێراق 2023،2024، 2025دا دیاریکراوە.
ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرقاڵی هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بودجەی ولاتەکەیە و دوێنێش خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی بودجەی عێراقەوە د. نەبەرد کەریم، وتی، ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە یاسای بودجەدا بکرێت، رەنگە لەڕێگەی نرخی نەوت یان ئەو گرێبەستانەوە بکرێت کە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە ئەنجامدەدرێن.
باسی لەوەش کرد، رەنگە لە بودجەی ساڵی 2026دا پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەکەی بەرزبکرێتەوە، بەڵام زیادکردنی خەرجییە سەروەرییەکان کە بۆ هەندێک بابەت هەیە لە حکومەتی عێراقدا کاریگەری لەسەر پشکی هەرێم نابێت لەڕووی خەرجی کردارییەوە، لەبەرئەوە پێشبینیدەکەم پشکی هەرێم بگاتە 14%، بەڵام بەوپێیەی خەرجییە سیادییەکانی حکومەتی عێراق زیاددەبن ئەو کاتە پشکی هەرێم رەنگە بگاتە 10%.
پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق ساڵی 2018 بە 12.67% دیاریکرا، لە بودجەی ساڵانی 2023، 2024، 2025 بۆ 12.7% کەبووەوە.