پەرلەمانتارێكی كورد هەڵوێستی سەرۆكی دادگای فیدراڵی دەربارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاشكرادەكات و دەڵێت، پێشنیاری كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی كردووە.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی حاکم جاسم، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیمان کرد، حاکم جاسم وتی بڕیارەکەیان تەفسیری جیاواز هەڵناگرێ و، لە بوونی هەر ناکۆکییەكی سیاسیش پێویستە مووچەی خەڵکی هەرێم بەردەوام بێت.
وتیشی، “بەڕێزیان پێشنیاری کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد بۆ چارەسەری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم”.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد، “بە سەرۆکی دادگای فیدراڵیم وت، خەڵکی کوردستان دەڵێن ئەگەر هەرێم پابەندنیە بە توطين و رادەستی داهاتی ناوخۆ، رێگایەکی دیکە نیە سزای دەسەڵاتدارانی پێ بدرێت، هەر مووچەی خەڵک دوادەخرێت و نادرێت!؟”.
لەلایەكی دیكەوە سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری كورد لە بەغداد، كە بەشداربوویەكی دیكەی كۆبوونەوەكە بووە، رایگەیاند، سەرۆکی دادگای فیدراڵی رایگەیاند، نابێت مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوابکەوێت.
وتیشی، “سەرۆکی دادگای فیدراڵی دووپاتیكردەوە كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نافەوتێت و دەبێت هەموو لایەک بە بڕیارەکانی دادگاوە پابەندبێت”.
سەرۆکی دادگای فیدراڵی راشیگەیاند، حکومەتی عێراق پابەندە بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بەمزووانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کۆدەبێتەوە، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێدا.