ژووری بازرگانیی سلێمانی: رێگرییەکانی حکومەتی عێراق کاری چەندین کارگەی لە هەرێم راگرتووە

سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی رایگەیاند، “رێگرییەکانی حکومەتی عێراق کاری چەندین کارگەی لە هەرێمی کوردستان راگرتووە”.

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی رایگەیاند، چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆمان کردووە و زانیاریمان لەسەر کارگەکانی هەرێم خستووەتەڕوو، بەڵام عێراق سورە لەسەر ئەوەی دەبێت سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکان لە بەغداد مۆڵەت وەربگرن.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، ماوەی سێ مانگە لە بازگەکانی عێراق رێگری لە ناردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

دەشڵێت، “ئەو کارەی حکومەتی عێراق نە دەستوورییە و نە یاسایی، چونکە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەیە مۆڵەت بە کارگەکان بدات”.

باس لەوەش دەکات، “یەکێک لە بیانووەکانی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق ئەوەیە، چەند بەرهەمێک بەناوی بەرهەمی ناوخۆی هەرێم نێردراون بۆ عێراق، بەڵام کارگەی ئەو بەرهەمانە لە هەرێمی کوردستان نین”.

نەوزاد غەفور، دەڵێت “چەند جارێک جەختمان کردووەتەوە کە عێراق شاندێکی بنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە ئەگەر گومانەکانیان راست دەرچوو ئەوە دەتوانن رێکاری یاسایی بگرنەبەر، بەڵام ئەوەی عێراق دەیڵێت تەنیا گومانە و ئەوەی دەیڵێن بۆ لاوازکردنی کەرتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستانە.”

بەپێی ئامارێک کە ژووری بازرگانیی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی شەش هەزار کارگەی گەورە، مامناوەند و بچووک لە سلێمانی تۆمارکراون، بەڵام ئێستا چوار هەزار و 200 کارگە لە کاردان،30%ی پیشەسازیی عێراق لە سلێمانییە، واتە گەورەترین کارگەکانی بیناسازیی عێراق لە سلێمانین، بەتایبەت کارگەی چیمەنتۆ و ئاسن و خشت.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

بە قەیوم حکومەتی تورکیا دەیەوێت کۆنترۆڵی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان بکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیسی سلێمانی: چوار تۆمەتبار دەستگیركران كە هاوڵاتییەكیان دەستبەسەركردبوو

بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، چوار تۆمەتبار دەستگیركران كە هاوڵاتییەكیان دەستبەسەركردبوو بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست…
Total
0
Share