هۆتێلێک بێبەرامبەر پێشوازی لە هاوڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکات بۆ ئەوەی بەشداری لە سەرژمێری بکەن.
عەلی غازی ئاغا، خاوەنی هۆتێل ئاغا لە خانەقین بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “وەک هاوکارییەک بۆ ئەو هاوڵاتییانەی خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن و بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و بەشداریی پرۆسەی سەرژمێری بکەن، بڕیارماندا بێبەرامبەر پێشوازییان لێبکەین”.
وتیشی، ئەو هاوڵاتییانە دەتوانن بۆ ماوەی هەفتەیەک لەنێو هۆتێلەکەدا بمێننەوە کە لە دوو نهۆم پێکهاتووە و تازە دروستکراوە.
عەلی غازی ئاغا باسی لەوەشکرد، تائێستا نزیکەی 15 خێزان لە چەند ناوچەیەکەوە هاتوونەتە هۆتێلەکەوە و، چەند خێزانێکی دیکەش پەیوەندییان کردووە و تاوەکو دەستپێکی وادەی قەدەغەی هاتوچۆ پێشوازییان لێدەکرێت.