دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، لە ئەمڕۆ جومعەوە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و عێراق گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بارانبارین دەستپێدەکات و تا رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت.
دەستەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەمڕۆ هەینییەوە عێراق کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ناسەقامگیریی کەشوهەوا و بارانبارینەوە، دەشڵێت، “لەناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستەوە دەستی پێکردووە و بەرەو ناوچەکانی باکوور پەلدەکێشێت”.
باس لەوەشکراوە، لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەدا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بارانبارین و رەنگە لە هەندێک لەناوچەکانی رۆژهەڵات لافاو دروستببێت.
باسی لەوەشکردووە، خێرایی با زیاددەکات و لە نێوان 20 بۆ 30 کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێکدا دەبێت و هەندێک کات دەگاتە 40 کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێکدا.
هۆشداریش بە هاوڵاتییان دەدات، لەو شوێنانە نزیک نەبنەوە کە ئەگەری لافاویان تێدایە، بەتایبەت ناوچەکانی نزیک سنووری رۆژهەڵاتی وڵات و رێگا دەرەکییەکان بەکارنەهێنن ئەگەر زۆر پێویست نەبوون چونکە مەودای بینین کەمدەبێتەوە.