ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیەندرێت

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگەیەندرێت.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە كاتژمێر 10ی بەیانی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە بنكەی لیژنەی ناوەندیی كۆمسیۆن لە هەولێر ئاشكرادەکرێت.

باسی لەوەشکرد، بەپێی یاسای كۆمسیۆن ژمارە 31ی ساڵی 2019 پێشكەشكردنی تانە لەسەر ئەنجامەکان، لەماوەی سێ رۆژدا دەبێت.

بەپێی وتەی جومانە غەلای، “نووسراوی تانە پێشكەشی نووسینگەكانی كۆمسیۆن یان نووسینگەی دەستەی هەڵبژاردن یان نووسینگەی نیشتمانی دەكرێت، یاخود راستەوخۆ پێشكەشی دەستەی دادوەری دەكرێت”.

وتیشی، “پێویستە ئەنجومەنی كۆمسیاران وەڵامی داواكاری و پرسیارەكانی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بداتەوە دەربارەی سكاڵاكان لەماوەیەكدا كە لە حەوت رۆژ زیاتر نەبێت لە رۆژی بەدەستگەیشتنیەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، دەستەی دادوەری بڕیار لەبارەی تانەی پێشكەشكراوەوە دەدات لەماوەی 10 رۆژی كاركردندا، پاش بەدەستگەیشتنی وەڵامی ئەنجومەنی كۆمسیاران.

باسی لەوەش کرد، پێشكەشكردنی سكاڵا رۆژی پێنجشەممە دەستپێدەكات و لە كۆتایی كاتی دەوامی رەسمیی رۆژی یەكشەممە 3ی تشرینی دووەم وادەی پێشكەشكردنی تانە كۆتایی پێدێت.

رۆژی 20ی تشرینی یەكەمی 2024 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو.

 

 

بابەتی پێشتر

بارانبارینی بەخوڕ و لافاو تەنگیان بە ئیسپانیا هەڵچنیووە و چەند کەسێک بێسەروشوێنن

بابەتی دواتر

هونەرمەندی میسڕی، مستەفا فەهمی کۆچی دواییکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share