“بە دڵنیاییەوە مووچەخۆرانی هەولێر و دهۆكیش تەوتین هەڵدەبژێرن”

سەرچاوەیەك كە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كردووە رایگەیاندووە”دوو رۆژە بەرپرسانی پارتی لە ئاستی باڵا لەنێو حكومەت و حزب و هەندێك لە دۆست و هاوئاوازەكانیان دەستیان كردووە بە هەڕەشەكردن لە فەرمانبەرانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین و هەڕەشەی سزادان و نان بڕینیان لێدەكەن، تەنها لەبەرئەوەی ئەو فەرمانبەرانە داوا دەكەن مووچەكانیان تەوتین بكرێت كە داوایەكی دەستووری و یاسایی و ڕەوایە.

سەرچاوەكە دەشڵێت، ” بەرپرسانی پارتی لە ئاستی باڵای حكومەت و حزبیشدا دەستیان كردووە بە هەڕەشەكردن لە فەرمانبەرانی دەڤەری سەوز، ئەمە لە كاتێكدایە ئەگەر فەرمانبەرانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و ئیدارە سەربەخۆكانی سۆران و زاخۆش هاوشێوەی فەرمانبەرانی دەڤەری سەوز ئازادبن و سەرپشك بكرێن، لە نێوان هەڵبژاردنی هەژماری من یان تەوتیندا، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەوانیش تەوتین هەڵدەبژێرن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، “ئەم هەڕەشە و گوڕەشانەی بەرپرسانی پارتی لە فەرمانبەران، بۆتە جێگەی نیگەرانیی فەرمانبەران و دەڵێن، لە هیچ وڵات و حكومەتێكی دونیادا شتی وا رووی نەداوە بەرپرسانی حكومی نیگەرانبن لەوەی فەرمانبەرانی ژێر دەسەڵاتی ئەو حكومەتە مووچەی خۆیان وەربگرن”.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، هەڵوێستی یەكێتی كە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لەپێناو چەسپاندنی مافی فەرمانبەران دروشمی تەوتینی بەرزكردەوە، ئێستا و دوای هەڵبژاردن ئەم بەڵێنە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و بۆ سەرخستنی ئەو ئامانجە هەموو رێكارە سیاسی، یاسایی، دبلۆماسی و كارگێڕی دەگرێتەبەر لەپێناو بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە یەكێتی بەڵێنەكانی بۆ ژیانی خەڵك دەكاتە كردار و ئەوانیش هەر جارە و بەبیانووێك برسیكردنی خەڵك تاقیدەكەنەوە و فەرمانبەر و مووچەخوران دەچەوسێننەوە.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

تەندروستیی لوبنان: عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی پێشکەشی لوبنان دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share