بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی هێزە ئەمنییەكان كرد و دەڵێت، “سبەی رۆژێكی مێژوویی گرنگە بۆ گۆڕانكاریی گەورە لە پڕۆسەی حوكمڕانی و كۆتاییهێنان بە عەقڵییەتی خۆسەپێنی، تاكڕەوی و جیاكاری، سبەی رۆژێكە تاوەكو بڕیارە گرنگ و یەكلاكەرەوەكە لەبارەی چارەنووسی خۆتان و نەوەكانتان بدەن”.

هەر لە پەیامەكەیدا هاتووە، “هێزە قارەمانەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ، پۆلیس و ئاسایش، سبەی رۆژێكی مێژوویی و گرنگە بۆ گۆڕانكاریی گەورە لە پڕۆسەی حوكمڕانی و كۆتاییهێنان بە عەقڵییەتی خۆسەپێنی، تاكڕەوی و جیاكاری، سبەی رۆژێكە تاوەكو بڕیارە گرنگ و یەكلاكەرەوەكە لەبارەی چارەنووسی خۆتان و نەوەكانتان بدەن و ئەو رۆژەیە كە دەتوانن بە دەنگەكانتان كۆتایی بە غەدر و نادادیی ئەم حوكمڕانییە چەوتەبهێنن كە هەمووشتێكی بۆ گرنگە ژیان و گوزەرانی ئێوە نەبێت و بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بیرتانبێت ئەوەی لە بەغداد شەڕی مووچە و قووتی ئێوەی دەكرد، ئەوەی سنووری بۆ تاكڕەوییەكان دانا و دژی جیاكاری و گەندەڵییەكان وەستایەوە، ئەوەی خەمی ئێوە و نەوەكانتانی دەخوارد ئێمەبووین نەك ئەوانەی تا قووڕگیان گەندەڵییە و جوامێرییەكانی ئێوە دەكەنە قوربانیی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، كاتێكیش لێیان دەقەومێ، ئینجا ئێوەیان بیردەكەوێتەوە”.

سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت، “سبەی رۆژێكی گرنگە و بڕیارە راستەكە بدەن، بە دەنگەكەت داهاتووی خۆت و منداڵەكانت دیاری دەكەیت، بڕیار دەدەیت ئەم تاكڕەوی و خۆسەپێنییە بەردەوامبێت یاخود بە جارێك رایاندەماڵن و مەهێڵن لەوە زیاتر یاری بە چارەنووستانەوە بكرێت و قووتی منداڵەكانتان لەژێردەست و رەحمەتی خۆسەپێناندا بێت”.

باسی لەوەش كردووە، “ئێوە دەنگ بدەن و شەڕی داهاتوو بۆ ئێمە جێبهێڵن، ئێمە دەزانین چۆن فێریان بكەین كە ژیانی خەڵكەكەمان زۆر لەوە پیرۆزتر و گەورەترە كە ئەوان بیری لێدەكەنەوە ئێوە كچان و كوڕانی رۆژی سەخت و قوربانیدانن، مەهێڵن جگە لە خۆتان كەسیتر بەرهەمی رەنج و ماندووبوونتان بخوات، ئێوە شایستەی ژیانێكی شەرەفمەندانەتر و شایستەترن، شایستەی ئەوەن منداڵەكانتان بە سەربەرزییەوە بژین و خێزانەكانتان لە سەقامگیریدابن و بەڵێن و كردارمان یەكن، ئێوە بڕۆن دەنگبدەن و زامنكردنی ژیانتان و شەڕكردن لەسەر مافەكانتان لەسەر ئێمەیە، ئەمە بەڵێنی ئێمەیە و دەشزانن ئەوەی دەیڵێم جێبەجێی دەكەم و دروود و سڵاو بۆ رۆحی شەهیدان، سوپاس و ستایش بۆ ماندووبوون و خۆڕاگریتان”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: سەقامیگیریی رێژەیی لە هەڵئاواسانی ساڵانە بەدەستهاتووە

بابەتی دواتر

جارێکی دیکە زێڕ ریکۆردی بەرزترین نرخی خۆی شکاندەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share