لە لێواری دابەشبووندا.. لێكەوتەكانی ململانێ لەسەر دەسەڵات لە بنەماڵەی بارزانی-دا لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان

لە ئێستادا وا دەردەكەوێت دابەشكردنی دەسەڵات لەنێو سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە مەترسیدا بێت، وەك ئەوەی لەژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوەدا لە راپۆرتێكی سایتی “Fikra Forum – كۆڕبەندی فیكرە”ی سەر بە دامەزراوەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک بڵاوكراوەتەوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لە یەكەم هەڵبژاردنەوە كە لە ساڵی 1992دا لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، دەسەڵات لەژێر دەستی هەمان هێزی دەسەڵاتدار ماوەتەوە، هەڵبژاردن نەبووەتە هۆی هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە دۆخی گشتییدا.

دەشڵێت، بەڵام هەڵبژاردنەكەی مانگی تشرینی یەكەم دەبێتە ساتێكی یەكلاكەرەوە، نەك تەنها بەهۆی دەركەوتنی ركابەری نوێی دەرەوەی دیمەنی سیاسی، بەڵكو لە ئاكامی ململانێ لەسەر دەسەڵات كە وردە وردە لەنێو خودی بنەماڵەی بارزانی سەرهەڵدەدات. ئەو سەركردایەتییەی رۆژێك لە رۆژان بە یەكگرتوویی دەردەكەوت، ئەمڕۆ لە لێواری دابەشبووندایە، دوو كەسی بارزان كە بریتین لە مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ركابەری لەسەر قەڵەمڕەویی و دەسەڵات دەكەن. لەكاتێكیشدا هەردووكیان هەوڵ بۆ چەسپاندنی میراتی خێزان، كۆنتڕۆڵكردنی ئایندەی حزب و داڕشتنی چارەنووسی هەرێمی كوردستان دەدەن، پشتگوێخستنی ئەم دابەشبوون و ناكۆكییە ناوخۆییە ئەستەمە.

ململانێ لەسەر دەسەڵات لەناو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکاندا تەنها لە بنەماڵەی بارزانیدا رووینەداوە، بەڵکو تایبەتمەندییەکی هاوبەشی سەرکردە دەسەڵاتدارەکانی ناوچە جیاجیاکانی جیهانە. ركابەری لەنێو خێزانی بارزانیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەلا مستەفای كۆچكردوو، سەركردەی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی نەتەوەیی كورد بۆ چەند دەیەیەك. بەپێی گێڕانەوەی ئەیوب بارزانی، نووسەر و رەخنەگری كورد و یەكێك لە ئەندامانی خێزانە جیابووەكان، “لەگەڵ چوونە تەمەنی مەلا مستەفا، هەردوو كوڕە گەورەكەی مەسعود (باوكی مەسرور) و ئیدریس (باوكی نێچیرڤان) -كە هەر یەكێكیان لە دایكێكی جیان- بوونە دوو كارەكتەری سەرەكیی ناكۆكییەكی بێدەنگ لەسەر میراتی باوكیان”، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە.

روونیشیكردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئیدریس، تەمەنی گەورەتر بوو، لەسەر ئاستێكی فراوانیشدا بە زیاتر لێهاتوو و دیپلۆماسی دادەنرا، بەڵام مەلا مستەفا زیاتر مەسعودی بەلاوە پەسەندبوو، مەسعود سەرۆكایەتیی ئاژانسێكی هەواڵگریی بەهێزی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان “پاراستن”ی دەكرد، لەكاتێكدا لە بیستەكانی تەمەنیدا بوو، ئەمەش دەسەڵات و قەڵەمڕەوییەكی زۆری پێبەخشی. كاتێكیش ئیدریس بەشێوەیەكی لەناكاو و ناڕوون لە ساڵی 1987دا لە تەمەنی 43 ساڵیدا مرد، رێگا لەبەردم مەسعود-دا واڵابوو بۆ سەرۆكایەتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پۆستەی لەوكاتەوە تائێستا لەئەستۆیدایە.

راپۆرتەكەی “كۆڕبەندی فیكرە” ئاشكراشیدەكات، ساڵانێكە شەڕ لەسەر میراتی مەسعود بارزانی دەستیپێكردووە، كە ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە 78 ساڵ، بە خێرایی ئاشكرابوو، بەڵام بەمدواییە لە پشت پەردەوە توندتر بووە، لەئێستادا ململانێ لەسەر دەسەڵات هاوشێوەی ئەو ململانێیەی هاوەڵی سەرهەڵدان و سەركەوتنی مەسعود بوو بۆ دەسەڵات سەریهەڵداوە، بەڵام ئەمجارە لەنێوان مەسرور-ی كوڕی و نێچیرڤان-ی برازای، كە هەردووكیان هەوڵ بۆ نەخشەكێشانی ئاییندەی سیاسیی بنەماڵەی بارزانی دەدەن.

بۆ ماوەی نزیكەی دوو دەیە، پارێزگاری لە هاوسەنگییەكی وردی دەسەڵات لەنێوان نێچیرڤان و مەسرور بارزانی كرا، كاتێك نێچیرڤان پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەئەستۆبوو، مەسرور ئاژانسی هەواڵگری بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئەم هاوسەنگییە لە بەرژەوەندیی مەسرور گۆڕدرا كاتێك لە ساڵی 2018دا پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، ئەم پۆستە رێگەی بۆ خۆشكرد كۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر حكومەت و حزبدا بسەپێنێت، كە دواتریش گۆڕانكارییەكی گەورەی لە داینامیكی دەسەڵاتی ناوخۆیی لەناو بنەماڵەی بارزانی و لە هەرێمی كوردستاندا بەشێوەیەكی گشتی هێنایە ئاراوە، وەك ئەوەی لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێداوە.

تیاشیدا هاتووە، لە بەرامبەردا نێچیرڤان وەك جێگرەوەی مەسعود بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكرا، بەڵام سەرۆكایەتییەكەی هاوكات بوو لەگەڵ دەرچوونی یاسایەكی نوێ كە بەشێوەیەكی بەرچاو دەسەڵاتەكانی پۆستەكەی كەمكردەوە، ئەمەش وایكرد پۆستەكەی زیاتر رەمزی بێت و تا رادەیەكی زۆر دەسەڵاتی جێبەجێكردنی لاواز بێت. سەرەڕای ئەوەش، ئاژانسی هەواڵگریی خاوەن دەسەڵات، كە بەشێوەیەكی رەسمی بە ئەنجومەنی ئاسایش ناودەبرێت، بە بەهێزی لەژێر دەسەڵاتی مەسروردا بمێنێتەوە، ئەگەرچی ئەحكامی یاساكان بە دەق ئاماژە بەوەدەكەن كە پێویستە ئاژانسەكە لەژێر دەسەڵاتی سەرۆكدا بێت. هەروەها لەگەڵ ئەوەی بەشێوەیەكی رەسمی ناسنامەی جێگرەوەی مەسرور لە ئەنجومەنی ئاسایشدا رانەگەیەندراوە، لەسەر ئاستێكی فراوان باوەڕوایە كە مەسرور یەكێك لە براكانی خۆی لەو پۆستەدا داناوە، ئەمەش زامنی مانەوەی ئەنجومەنەكە لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی خۆیدا دەهێڵێتەوە. سەرەڕای هەموو ئەوانە، مەسعود بارزانی “بارەگای بارزانی” دامەزراند، كە نووسینگەیەكی هاوشانی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، تیایدا درێژە بە پەیڕەوكردنی زۆرێك لەو دەسەڵاتانە دەدات كە پێشتر وەك سەرۆك خاوەنی بوو، ئەمەش زیاتر پێگە و دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانی كەمدەكاتەوە.

راپۆرتەكە روونیدەكاتەوە، پاش هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان، پارێزگاریكردن لە هاوسەنگیی لاوازی نێوان دوو كەسایەتییە سەرەكییەكەی ناو خێزانەی بارزانی زۆر دژوارتر دەبێت، بەتایبەت لە سایەی ئەو دیمەنە سیاسییە نوێیەی پێشبینی دەكرێت دروستببێت.

لە ئێستادا، پارتی دیموكراتی كوردستان هەردوو پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیران و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی لە دەستدایە، ئەمەش سەرەڕای نەبوونی زۆرینەی پەرلەمانی كە ببێتە بیانووی وەرگرتنی دوو لە كۆی سێ پۆستی گرنگ لە هەرێم. ئەم كۆنتڕۆڵكردنە لە رابردوودا ئەگەری هەبوو بەهۆی لاوازیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبە سەرەكییە دەسەڵاتدارەكەی دیكەی هەرێم و، ئەو رێككەوتنەی رێگەی بە یەكێتی دا پارێزگاری لە پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار بكات لە بەرامبەر پێدانی دوو پۆست بە پارتی لە حكومەتی هەرێم، بەڵام ئەم دابەشبوونە گۆڕانكارییان بەسەرداهاتووە.

لە بەشێكی تریدا هاتووە، لە دوو خولی رابردووی هەڵبژاردندا پارتی ركابەرییەكی بێ بەرهەمی لەگەڵ یەكێتیدا كرد لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كە بووە هۆی تێكچوونی ئەو لێكتێگەیشتنە مێژووییەی لەنێوانیاندا هەبوو. سەرەڕای ئەوەش چیتر یەكێتی، لەژێر سەركردایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانیی سەرۆكیدا، ئامادەنییە بۆ قبوڵكردنی قۆرغكردنی دوو پۆستی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتییەوە، لەكاتێكدا رۆڵی حزبەكە تەنها لە سەرۆكایەتیی پەرلەماندا هێڵدراوەتەوە. پێشبینی دەكرێت ئەم دۆخە پاش هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕێت، كە دەبێتەهۆی زیادبوونی ناكۆكییەكانی ناو خێزانی بارزانی و زیاتر دەركەوتنی.

سایتی “Fikra Forum” لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەشدەدات، پێشتر چەندین جار پارتی رایگەیاندووە كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتیی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەكات، بەمەش پێویست دەكات نێچیرڤان دەستبەرداری پۆستە سەرۆكایەتییەكەی بێت. ئەگەر ئەوە رووبدات، بژاردەكانی نێچیرڤان سنووردار دەبن. یەكێك لە ئەگەری چارەسەرەكان خستنەڕووی پۆستی سەرۆكایەتیی عێراقە، ئەو پۆستەی بەهۆی گرنگی و پێگەكەیەوە سەرنجڕاكێش دەردەكەوێت، نێچیرڤانیش دەتوانێت گرنگیی ئەم پۆست بچەسپێنێت، وەك ئەوەی كۆچكردوو مام جەلال تاڵەبانی كرد، بەڵام گواستنەوە لە هەولێرەوە بۆ بەغداد ئەگەرێكی زۆری هەیە ببێتە كۆتایی ئایندەی سیاسیی نێچیرڤان، كە دەبێتەهۆی بە كردەیی بچڕانی پەیوەندییەكانی بە هەرێم و كەمبوونەوەی تەواوەتی ئاستی لایەنگرانی، ئەو پرۆسەیەی تائێستا بەردەوامە لەوەتەی ئامۆزاكەی بەر لە چەند ساڵێك پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە.

نێچیرڤان بارزانی خاوەن ناوبانگێكی فراوان وەك دیپلۆماسییەكی لێهاتوو و، بەپێچەوانەی هەندێك لە ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی، بە سیاسییەكی پراگماتیك دەناسرێت، بەوە جیادەكرێتەوە كە ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی سازش و وەلانانی ناكۆكییە كۆنەكان. لە سەروبەندی لێكەوتەكانی راپرسیی سەربەخۆیی كە لە ساڵی 2017دا ئەنجامدرا، نێچیرڤان بوو كە هەماهەنگی كرد بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سیاسیی سەپێندراو بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. دوای ناكۆكی لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و ئێرانیش، كە بووە هۆی چەند پەلامارێكی مووشەكی بۆ سەر هەولێر، نێچیرڤان بوو كە دەستپێشخەری كرد بە گەشتكردن بۆ تاران بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە. بنەماڵەی بارزانی بەوپێیەی پشت بە نێچیرڤان دەبەستێت بەهۆی توانای مامەڵەكردنی لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی گۆڕەپانی سیاسی، ئەمە دەیكاتە کەسایەتییەکی سەرەکی و حەتمی لەناو حیزب و بنەماڵەدا، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە.

لە كۆتاییشدا دەڵێت، چەندێك مەسعود بارزانی بە چالاكی لە گۆڕەپانی سیاسیدا بمێنێتەوە، بەو بڕبڕەی پشتە دەمێنێتەوە كە زامنی پێكەوەمانەوەی بنەماڵەی بارزانی دەكات و، توانای دەبێت لە پارێزگاریكردن لە دۆخی ئێستا و نێوەندگیری لەنێوان كوڕەكەی و ئامۆزاكەیدا. سەرەڕای ئەوەی مەسعود بە روونی پێشینەیی دەدات بە مەسروری كوڕی، بەڵام نێچیرڤان بوارێكی زۆری نییە بۆ بە ئاشكرا رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی مامی. ئەم دینامیكیەیە كە بەشێوەیەكی گشتی هۆكاری سووربوونی مەسرورە لەسەر چەسپاندنی پێگەی تایبەتی خۆی و، زامنكردنی گۆڕانی تەرازووی هێز لە بەرژەوەندیی خۆیدا و، دواتریش لە بەرژەوەندیی كوڕەكەی. بەبێ دەسەڵاتی مەسعود كە زامنكاری سەقامگیرییە، چاوەڕوانكراوە كە ركابەرییە ناوخۆییەكە سەردەكێشێت بۆ ململانێیەكی زۆر توند.

بۆ خوێندنەوەی دەقی راپۆرتەكە بە زمانی ئینگلیزی، كلیك لێرە بكە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی شارەوانی: قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکرد

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق لەلایەن هاوسەرەکەیەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share