بۆ بەهێزكردنی مێشكی منداڵەكەت ئەم 7 هەنگاوە كاریگەرە بگرەبەر

ساڵانی یەكەمی ژیانی منداڵ زۆر گرنگە بۆ گەشەی مێشكیان، بۆ ئەوەش چەند رێگایەكی چێژبەخش هەن كە یارمەتیدەریان دەبێت بۆ بەهێزكردنی توانای مێشكیان.

ئەمەی خوارەوە حەوت لەو ستراتیژە گرنگانەیە كە دەتوانێت گۆڕانكارییەكی گەورە لە توانای مێشكی منداڵدا دروستبكات، وەك ئەوەی رۆژنامەی “Times of India” بڵاویكردووەتەوە.

1- سەبركردن و قبوڵكردنی هەڵەكانیان
سەبر كلیلی هێنانەدی ئەنجامی ئەرێنییە لەكاتی فێركردنی منداڵدا، چونكە دەشێت منداڵ بەپەرۆش بن (فزولی) و هەندێك كاتیش حەز بە ئالنگاری بكەن.

لەم كاتەدا لەبری نیشاندانی بێئومێدی، پرسیاركردن و هەڵەكانیان بە گرنگ بزانە، دەتوانرێت مێشكیان بۆ گەشەكردن هانبدرێت، لەڕێی بیرهێنانەوەیان كە هەڵەكردن ئاساییە و بەرەو هەنگاوە راستەكە دەیانبات.

2- هاندانی خوێندنەوەی بەردەوام
خوێندەوە هێزێكی گەورە بە مێشك دەبەخشێت، بۆیە پێویست هانی منداڵان بدرێت بۆ بەردەوامیپێدانی، كتێبێك بێت یان چیرۆكێكی وێنەیی یان تەنانەت وتارێك.

دەتوانرێت شوێنێكی تایبەت بە خوێندنەوە لە ماڵدا دابنرێت بۆ دەرخستنی گرنگیی خوێندنەوە.

3- نووسینەوەی رۆژانەی یاداشتەكان
نووسینەوە رێگایەكی زۆر باشە بۆ منداڵ بۆ دەربڕینی بیروبۆچوون و هەستەكانیان.

دەبێت هانبدرێن بۆ پارێزگاریكردن لە یاداشتەكانی رۆژانەیان، شارەزایان رێنوێنی دەكەن بە ئاراستەكردنی منداڵ بۆ نووسینەوەی ئەوەی لەماوەی رۆژەكەدا ئەنجامیداوە، لەگەڵ هەستەكانی و خەونەكانی ئایندەی.

4- پێزانین و پیاهەڵدان
هەمووان حەز بە پیاهەڵدان دەكەن، بەتایبەتیش منداڵان، بە گرنگزانین و پیاهەڵدان بە هەوڵ و دەستكەوتەكانی منداڵدا، متمانە بەخۆبوونیان زیاددەكات و دەبێتە هاندەر بۆیان.

كاتێك منداڵ هەوڵێكی زۆر لە شتێكدا دەدات، لە پرۆژەیەكی خوێندنەكەیدا بێت یان لێهاتووییەكی نوێ، دەبێت كاتێك دیاریبكرێت بۆ پێزانین بە هەوڵەكەی.

5- سوودوەرگرتن لە كاتی شاشە
وەك زانراوە شاشەكان لە هەموو كات و شوێنێكدا هەن، شارەزایان پێیانوایە لەجیاتی بەتەواوی قەدەغەكردنی كاتی شاشە، دەتوانرێت منداڵ هانبدرێت بەرەو ناوەرۆكێكی فێركارییانە.

چەندین ئەپ و یاریی نێو ئینتەرنێت هەن كە بەسوودن بۆ پەرەپێدانی لێهاتووییە ژیرییەكان لای منداڵ.

6- ئەنجامدانی ئەو یارییانەی مێشك بەهێزدەكەن
ئەنجامدانی یاری رێگایەكی زۆر نایابە بۆ پەرەپێدانی توانای مێشك لەكاتی چێژوەرگرتن لێی، دەتوانرێت پشت بەو یاری و كەلوپەلانە ببەسترێت كە ژیریی زیاددەكەن.

دایك و باوكانیش دەتوانن بەشداری لە یارییەكەدا بكەن و پێكەوە یادەوەرییەكی لەبیرنەكراو لەگەڵ منداڵەكانیان تۆماربكەن.

7- بڕیاردان
شارەزایان رێنوێنی دەكەن بە ئازادیدان بە منداڵ بۆ ئەوەی بڕیار بدات، تەنانەت ئەگەر بڕیاری سادە و ساكاریش بێت، وەك هەڵبژاردنی ئەو جلوبەرگانەی دەیانەوێت بیپۆشن، یان ئەو چالاكییانەی دەیانەوێت لە پشووی كۆتایی هەفتەدا ئەنجامیبدن، ئازادی پێدانیان لە كۆتاییدا دەبێتەهۆی بەهێزبوونی توانایان لە سەربەخۆ بوون و توانای بڕیاردان.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە دۆخی لوبنان دەدات

بابەتی دواتر

کاملا هێرس: سەرۆکایەتیی من درێژەپێدەری ئەوەی بایدن نابێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share