دەرزییەکی نوێ دروستدەکرێت کە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لەناودەبات

لە سەرانسەری جیهاندا، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن دادەنرێن، چونکە گیرانی خوێنبەرەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی هەوکردن کە ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە جەڵتەی دڵی کوشندە.

پەیوەست بەو بابەتە، توێژەرانی زانکۆی ویلایەتی مشیگان-ی ئەمریکا چارەسەرێکی نوێی نانۆیان پەرەپێداوە کە دەرزییە و ناوچەکانی هەوکردن دەکاتە ئامانج.

دەرزییەکە دەبێتە هۆی باشترکردنی سیستمی بەرگریی لەش و لەناوبردنی کۆبوونەوەی خوێن لە دەمارەکاندا کە ئەوەش هەوکردن کەمدەکاتەوە و رێگری لە ئاڵۆزییە گەورەکانی وەک جەڵتەی دڵ دەکات.

تیمی توێژینەوەکە روونیدەکەنەوە کە دوو جۆر کەڵەکەبوونی خوێن هەیە لە خوێنبەرەکاندا، جۆری یەکەم دەبێتەهۆی گیرانی نزیکەی تەواوەتی خوێنبەرەکە کە رەنگە ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک ئازاری سنگ، سکچوون، یان سەرگێژخواردن.

جۆری دووەم کە مەترسیدارترینە، بە هەوکردنی توند دەناسرێتەوە کە دەبێتە هۆی پچڕانی لەناکاوی خوێنەبەرەکە و تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، کە دەرزیی نانۆ چارەسەری ئەمجۆرەیان دەکات و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لەناودەبات.

برایان سمیس، مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی ویلایەتی مشیگان دەڵێت، چارەسەری هەوکردنی جۆری دووەم بە بەکارهێنانی نانۆگەردیلە بچوکەکان دەکرێت کە لە تاڵی قژی مرۆڤ باریکترن، بە وردی خانەکانی بەرگری دەکەنە ئامانج.

چارەسەرەکە لەسەر بەراز تاقیکرایەوە لەوێدا کاریگەربوو لە کەمکردنەوەی ئاستی هەوکردنی دەمارەکان بەبێ ئەوەی کاریگەریی لاوەکی بەجێبهێڵێت.

سمیس دەشڵێت، تاقیکردنەوەکانی پێشوو کە لەسەر مشک بوون ئەنجامی نەرێنییان هەبووە ئێستا مەودای چارەسەرکردن فراوان بووە و لە ئاژەڵی گەورەی وەک بەرازدا تاقیدەکرێتەوە، کە ئەنجامەکان کاریگەرترن.

توێژەران توانییان بڕێکی زۆر لە چارەسەری نانۆ بەرهەمبهێنن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە ئەوەش بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی بەدەست هەوکردنی خوێنبەرەکانەوە دەناڵێنن.

 

 

 

بابەتی پێشتر

نوێترین ئاماری تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بڵاوکرایەوە

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی: هەر کەسێک ئاسنی پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن ببات بە دزی هەژماردەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share