وتەبێژی لیستی 129ی یەکێتی: لای پارتی هێشتا شۆڕشی پیشەسازی دەستی پێنەکردووە و لە چاخی بەردیندا دەژین

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی 129ی یەکێتی رایگەیاند، کۆمەڵێک خەڵکی نەخوێندەواری ئیدارەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات و وتیشی، “لای پارتی هێشتا شۆڕشی پیشەسازی دەستی پێنەکردووە و لە چاخی بەردیندا دەژین”.

باسی لەوەشکرد، بێئاگان لەوەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر لەو ژیرترە بە ژیری دەستکردن قەناعەتی بگۆڕدرێت و باوەڕ بەو ساختەکارییە بکات، کە پارتی لە رێگەی بەرنامەیەکەوە کردوویەتی.

جەختیشیکردەوە، تموحی پارتی بۆ تەزویر ئەوەندە زۆرە، کە دەزانێت ناتوانێت تەزویر لە هەڵبژاردن بکات بۆیە لە دەنگی سەرکردەکانماندا دەیکات و دەزانین پارتی چاوەڕوانی شکستێکی گەورەدەکات و ئەوەی ئەمڕۆ کردیان، خنکانی پارتییە و دوا نەفەسی پارتییە.

باسی لەوەشکرد، “ئەم جۆرە هەوڵانە تەنها بۆ دروستکردنی ئاستەنگن لەبەردەم هەڵبژاردن و خزمەت بە خەڵک ناکات”.

وتیشی، تێدەگەین پارتی لەبەردەم شکستێکی گەورەدایە، بەڵام تێناگەین پارتی دەیەوێت حوکمەتەکەی بەرەو چاکسازی بەرێت یاخود بەرەو کۆمپانیای فیلمسازی، هەر رۆژەو سیناریۆیەک درووستدەکات.

روونیشیکردەوە، ئەوەی ئەمڕۆ کرا، تێکدانی ئاداب و شیرازەی گشتیی کۆمەڵگەیە، و دەستبردنە بۆ شێوازێکی تەکنەلۆژیا کە لە بری ئەوەی سوودی لێ وەربگیرێت خراپ کاری پێدەکرێت و شیرازەی کۆمەڵاکەتی تێکدەدات و داوا لە داواکاری گشتیی دەکەن کە سنوورێک بۆ ئەو دۆخە دابنێت کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئادابی گشتیی کۆمەڵایەتی.”

وتیشی، بە پارتی دەڵێین، “زاب خودێ هیچ شتێک فریاتان ناکەوێت، بە ژیری دەستکردیشەوە”.

بابەتی پێشتر

چۆن بزانین گفتوگۆ تەلەفۆنییەکە ساختەیە یان راستی؟

بابەتی دواتر

خوێندكارێكی ئایتی: بەم خاڵانەدا بزانە تۆمارە دەنگییەكە بەرهەمی زیرەكیی دەستكردە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share