دوای ئەوەی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە مووشەکبارانکرا لە شەوی رابردوودا، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی نایە قۆناغێکی نوێوە، چونکە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و یەکەم وەڵامی تاران بوو.
چی لێ کەوتەوە، لە ئەمرۆ سێشەممەدا، نرخی نەوتی خاو بەرزبووەوە بە رێژەی 5% و لە بازاڕە جیهانییەکان بەهای تمەنی ئێرانی رووی لە بەرزبوونەوە کرد، نرخی تمەن دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و زێڕین بەرزبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینی و دواتری رووی لە دابەزین کردەوە.
لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراق بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 154 هەزار و 250 دینار.
محەمەد حسێن، ئەندامی دەستەی ئابوریناسانی عێراق لە بابەتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کاتێکدا کە نەوتی خاو 30%ی هەموو وزەی بەکارهاتووی جیهان پێک دەهێنێت، گرانبوونی نەوت راستەوخۆ بەمانای گرانبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی دیکەش دێت، چونکە تێچووی وزە (نەوت، غاز، خەڵوز، یان کارەبا) راستەوخۆ دەبێتە بەشێک لە تێچووی هەموو ئەو کاڵاو خزمەتگوزارییانەی لەم جیهانەدا بەرهەم دەهێنرێن.
باسی لەوەشکردووە، کاتێک نەوتی خاو گران دەبێت، راستەوخۆ خواست لەسەر سەرچاوەکانی دیکەی وزەش زیاددەکات و گراندەبن، بەڵام ئەمەی کە روویدا هێشتا هەر هیچ نییە بەراورد بەوەی کە مەترسی روودانی هەیە، ئەویش داخستنی گەروی هورمزە لە کەنداوی عەرەبی.
دەشڵێت، “گەروی هورمز، رێڕەوێکی بەرتەسکی ئاوییە، دەکەوێتە نێوان ئێران و عومانەوە و دەروازەی تێپەڕینی 20%ی هەموو نەوتی جیهانە، لە ئێستادا 96%ی هەموو نەوتی عێراقیش هەر لێرەوە رەوانەی بازاڕە جیهانییەکان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک (شەڕ بێت یان سیاسەت) ئێرانیەکان گەرووی هورمز دابخەن، وا چاوەڕێ دەکرێت نرخی نەوتی خاو بەڕادەی 25% تا 30% بەرزببێتەوە، ئەمەش شۆکێکی سەخت و گەورە دەبێت بۆ ئابوری و بازاڕی جیهان.