وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، حکومەتەکەی بەدوای “رێککەوتنێکی ئەمنی” لەگەڵ سوریا و “ئاساییکردنەوە”ـی دۆخەکە لەگەڵ لوبناندا، دەگەڕێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە، گیدۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، هەر رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ سوریا بکرێت، دەبێت تێیدا رەچاوی دۆخی باشووری ئەو وڵاتە بکرێت، هەروەها ئەنجامدانی رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ سوریا لە بەرژەوەندی هەردوولادا دەبێت، ئیسرائیل هیچ چاوێکی لە خاکی سوریاوە نییە تا داگیری بکات.
وتیشی، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ لوبنان و سوریا، بریتی بووە لە سوریا و تورکیا و بەهیچ شێوەیەک باسمان لە دۆخی کەرتی غەززە نەکردووە.
سەبارەت بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە، سار ئاماژەی بەوەدا، تەلئەبیب دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام چەکەکانی حەماس رێگرن لەمە.
سەبارەت بە لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە، “هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل دژی گروپە چەکدارەکان، پێشێلکردنی سەروەریی لوبنان نییە”، هاوکات حزبوڵڵای تۆمەتبارکرد بەوەی کە ئەوە ئەوانن، سەروەریی لوبنان پێشێلدەکەن.