شەوی رابردوو، بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، بەئامانج گیرا بەڵام بەرگریی ئەمریکا تێکیشکاند.
دوو سەرچاوەی سەربازیی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە، بنکەکە کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکای تێدان، لانیکەم دوو مووشەکی ئاڕەستەکراوە.
بە گوێرەی میدیا عەرەبییەکانیش کە قسەکانیان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقییەوە وەرگرتووە، بە چوار مووشەک بنکەکە کراوەتە ئامانج و بەشێکیان خراونەتە خوارەوە و بەشێکی دیکەیان لە نزیک رێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەی سەربازیی کەوتوونەتە خوارەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا لەدوای رووداوەکە، رەتیکردەوە کە هاتوچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد وەستابێت.
واشنتن و بەغداد رۆژی هەینی بە رەسمی رایانگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ماوەی یەک ساڵدا کۆتایی بە ئەرکە سەربازییە دە ساڵەکەی لە عێراق دەهێنێت، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە دانوستانی دوو قۆڵی.
ئێستا نزیکەی 2500 سەربازیی ئەمریکی لە عێراق بوونیان هەیە و 900 سەربازیشیان لە سوریا هەیە، ئەو سەربازانە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014وە لەناو هەردوو وڵاتدا ماونەتەوە.