هەڵمەتی پاككردنەوەی زێی دوکان-قەشقۆڵی دەستیپێكرد

بە سەرپەرشتیی دامەزراوەی ڤیم هەڵمەتێك بۆ پاككردنەوەی زێی دوکان-قەشقۆڵی دەستیپێكرد.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دامەزراوەی ڤیم لەڕێی تیمێكی سەدان كەسییەوە هەڵمەتی پاككردنەوەی زێی دوكان-قەشقۆڵی دەستپێكرد.

كەویار محەمەد، بەڕێوەبەری پرۆژەكانی دامەزراوەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە دوێنێوە لە دوكانن، پێشتر نزیكەی مانگێكە ئامادەكاری و هەماهەنگییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستپێكردووە.

وتیشی، “لەئێستادا نزیكەی 200 كەس سەرقاڵی پاككردنەوەی شوێنەكەن. شوێنی پاككردنەوەكە نزیكەی چوار كیلۆمەترە كە لە پردی سەرەوەی دوكان تا پردی خوارەوە دەگرێتەوە و لەمیانەیدا سەرجەم بوتڵ و پلاستیك و پاشماوەكان كۆدەكرێتەوە و شەش كاتژمێر دەخایەنێت”.

كەویار محەمەد باسی لەوەشكرد، هەڵمەتەكەیان كاریگەری دەبێت لەسەر ئەو ئاوەی دەدرێت بە هاوڵاتییان، بۆیە ماوەی كاركردنەكەیان دیاریكراو و سنووردارە. لەگەڵ ئەوەشدا بەپێویستی زانی كە ساڵی جارێك زێیەكە پاكبكرێتەوە بۆ خۆلادان لەو بەكتریا و نەخۆشییانەی بەهۆی پیسبوونییەوە بڵاودەبنەوە.

دامەزراوەی ڤیم پێشتر دوو هەڵمەتی پاككردنەوەی بۆ بەنداوەكانی دەربەندیخان و دوكان ئەنجامداوە، دەربارەی جیاوازیی پیسبوونی بەنداوی دوكان لەگەڵ قەشقۆڵی، بەرپرسی دامەزراوەكە وتی، “جیاوازیی هەیە، ئێرە پیسترە لە سەرەوە” هۆكارەكەشی بۆ ئەو گەشتیارانە گەڕاندەوە كە روو لە سەیرانگای قەشقۆڵی دەكەن.

داواشی لە گەشتیاران كرد ئەوانەی بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش روو لە سەیرانگاكە دەكەن، ئاگاداری سروشت و سەرچاوە ئاوییەكان بن و بیپارێزن.

كەویار محەمەد روونیشیكردەوە، ئەو دەبە و پلاستیك و پاشماوانەی كۆدەكرێتەوە، لەلایەن پرۆژەی ئارتفرۆشی سەر بە دامەزراوەكان كۆدەكرێتەوە و كارێكی هونەری، هۆشداری و ژینگەیی لێدروستدەكرێت، بەمەبەستی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتییان.

 

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە

بابەتی دواتر

محەمەد شیاع سودانی بۆ نەجیب میقاتی: هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕە و پشتیوانیتان دەکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share