ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ئاشکرادەکرێت

ڕاگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق ئاشکرایدەکات، سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە ئامادەبوونی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەتەوە و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14 ی کانوونی دووەم، ئاشکرایکردووە، ” كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان خشتەی كارە تەكنیكی و كاتەكانی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی خستەروو، هەروەها پابەندبوونی کۆمیسۆنی نیشاندا سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داھاتوو بە شێوەیەکی پاك و بێگەر، ھاوکات دووپاتشیکردەوە لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی تۆماری بایۆمیتری بۆ تەواوی دەنگدەران و هەماهەنگیکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زامنكردنی چاودێریکردنی پرۆسەکە”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان جەختیكردەوەتەوە کە كاتی پێویست دەدات بە سەرجەم پاڵێوراوان و هاوپەیمانییە سیاسییەکان و هێزە سیاسییە نوێیەکان و گەنجان بۆ تەواوكردنی ڕێكار و ڕێوشوێنی تۆماری یاسایی و پێشكەشكردنی لیستی پاڵێوراوەكان”.

بۆ ئاسانکاری کاری کۆمیسۆن، ئامادەبووانی كۆبوونەوەکە پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان نیشانداوە تاوەکو ئەركەكانی بەباشی بەڕێوەببات و پێداویستییە دەستووری و یاساییەكانی تەواو بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەتایبەت پێویستی تەواوکردنی یاسای دادگای فیدراڵی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران، و جێبەجێكردنی ماددەی 64 ی دەستوور پەیوەست بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران وەک سەرەتایەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

لە کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، جنین بلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق ئامادەبوون.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆمسیۆن: ئەمڕۆ کۆتا رۆژی تۆمارکردنی حزب و هاوپەیمانێتییەکانە

وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق رایدەگەیەنێت، ئه‌مڕۆ یەکشەممە، كۆتا رۆژی تۆماركردنی حزب و هاوپه‌یمانێتییه‌كانه‌ لە كۆمسیۆن، كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی…
Total
0
Share