ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەوڵەکان بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێم و خانەوادەی شەهیدانی هەڵەبجە لەگەڵ بەغداد هەنگاوی باشی بڕیوە.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، ”فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ لیژنەی شەهیدان و سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیە سیاسیەکانی عێراق و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە هەمواری یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2006ی زیندانییە سیاسەکانی عێراق کۆبوونەوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەمواری یاساکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت”.
دەشڵێت، ”هۆکاری هەموارکردنەوەی یاساکەش بۆئەوەیە زیندانیانی سیاسیی هەرێم و خانەوادەی شەهیدانی هەڵەبجە بە یاسا بگوازرێنەوە سەر عێراق و ئەوەش دەبێتە دەسکەوتێکی دیکە بۆ ئەوان”.