قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و توركیا گفتوگۆكرا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و ئەرمان تۆپجو، كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێم ئامادەیبوون، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵیۆزی نوێی توركیا كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكەیدا.
لە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەیدا بە پێویستیی پتەوكردنی پەیوەندییەكان بەشێوەیەكی تەندروست لە بوارە جیاوازەكاندا و جەختیشیكردەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان و لەناویشیاندا كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەڕێگای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە.