سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە 20 و 21ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بسەپێندرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان.
لە راگەیەندراوێکدا کە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە هاتووە، ”محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی کرد بۆ گفتوگۆکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو ئامادەکاریانەی کە دەکرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە مانگی داهاتوودا”.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ”سەرۆک وەزیران پێداچوونەوەی کرد بە کاروبارەکانی ئەنجومەنەکە و ئەو راپۆرتەی کە لەلایەن دەسەڵاتی سیستمی ئامار و زانیاریی جوگرافیاوە لە وەزارەتی پلاندانان پێشکەشکراوە لەگەڵ ئەو تێبینیانەی کە دەبێت لە ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان رەچاو بکرێن”.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار پەسەندکرا کە کارئاسانی دەکەن بۆ ئامادەکاری و پڕۆسەی راهێنان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری کە بریتین لە، سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە رۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان لەگەڵ چارەسەرکردنی مەرجەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە راهێنانی کارمەندانی ئامار بۆ پرۆسەکە”.
بڕیاریشدرا بە، ”پاڵپشتیکردنی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی پراکتیکی بۆ پڕۆسەی ئاماری لەڕێگەی ئامادەکردنی هۆڵەکانی خوێندن بۆ مەشق و راهێنان، خێراکردنی گواستنەوەی پێداویستییە داراییەکان و دابینکردنی دارایی پڕۆژەی سەرژمێری لەگەڵ میوانداریکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی سیستمی ئامار و زانیاریی جوگرافی لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان”.