یەكێك لەو كەرتانەی لە جیهاندا زەبری پێگەیشت و كەوتە دووڕیانەوە لە سەردەمی كۆرۆنادا، كەرتی خوێندن بوو، مامۆستایان لەنێوان چەند ئەگەرێكدا گیریان خواردووە.
دامەزراوەی هۆرەیس مان، لە 12 خوێندنگای گشتیی ئەمریكادا ڕاپرسییەكی ئەنجامداوە، تیایدا هەزار و 240 مامۆستا بەشدارییان كردووە، ڕاپرسییەكەش لەبارەی كاریگەریی كۆرۆنایە لەسەر كەرتی پەروەردە و مامۆستا.
لەو ڕاپرسییەدا دەركەوتووە، بەشێكی مامۆستا ئەمریكییەكان پێیان باشە لە پشت شاشەی كۆمپیوتەرەكانەوە وانە بڵێنەوە.
بە گوێرەی ڕاپرسییەكە، 77%ی مامۆستاكان كاتەكانی كاركردنیان زیاترە لەوەی ساڵی ڕابردوو هەیانبووە، هەروەها 60%یان لە ئێستادا كەمتر چێژ لە كارەكەیان وەردەگرن و 59%یشیان ڕایانگەیاندووە هەست بە سەلامەتی و تەندروستی ناكەن لەو خوێندنگە و شوێنەی وانە دەڵێنەوە.
ئەوەی لە ڕاپرسییەكەدا بووەتە ناونیشانی میدیا ئەمریكییەكان ئەوەیە، 27%ی مامۆستایانی بەشدار ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، بیریان لەوە كردووەتەوە واز لە كارەكانیان بهێنن یان خانەنشینی پێشوەختە ببن یاخود پشووی درێژخایەن وەربگرین بەهۆی كۆرۆناوە.
ڕیچارد میلنێر، پرۆفیسۆر لە زانكۆی ڤاندێربێڵت ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، “ئەو ژمارانەی نێو ڕاپرسییەكە سەرسامم ناكات”، وەك بە سی ئێن بی سی-ی ئەمریكی ڕایگەیاندووە.
ئەوەشی وتووە، “لە ڕاستیدا پێموایە ئەو ژمارانە زیاد دەكەن بە تێپەڕینی كات، زۆر لە مامۆستاكان سەری خۆیان لە دەرەوەی ئاوەكە هێشتووەتەوە نازانین تا چەند خۆڕاگر دەبن”.