قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، ئەولەوییەتی سەرەکی هەرێمی کوردستانە و ئامانجمانە لە وڵاتێکی بەکاربەرەوە ببینە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر و دواتریش هەناردەکاری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ خالید موسا ئەلحنێفات، وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردن کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی برەودان بە پەیوەندیی کشتوکاڵی نێوان هەرێم و وڵاتی ئوردن.
لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و فوئاد ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەرێم بەڕێوەچوو، تاوتوێی ئەو لێکتێگەیشتننامەیە کرا کە پێش چەند رۆژ لەنێوان هەردوولادا ئیمزا کراوە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە بواری کشتوکاڵدا و بە هەنگاوێکی پێویست دانرا بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی کشتوکاڵی و جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتر لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەشی هەردوولادا.
قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، ئەولەوییەتی سەرەکی هەرێمی کوردستانە و ئامانجمانە لە وڵاتێکی بەکاربەرەوە ببینە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر و دواتریش هەناردەکاری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئاماژەی بەوەشدا لە قۆناغی یەکەمدا ئەولەوییەتی هەرێم، پڕکردنەوەی پێویستییەکانی بازاڕی ناوخۆی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیدان بە پیشەسازی خۆراک کرا و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا لەم ساڵانەی دواییدا هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە هەنگاوی باشی ناوە و لە پلانیشدایە کە زیاتر هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی بدرێت لەم کەرتەدا وەبەرهێنان بکەن.
هاوکات، لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پڕۆژەی گەشتوکاڵ کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە گرنگی پێ دەدرێت و ئامانجی پڕۆژەکە بەهێزترکردنی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارە.