وەزارەتی تەندروستی: لەبەرئەوەی بەشێکی ئەندامانی لیژنەی باڵای کۆرۆنا لە بەغدادان ناتوانین کۆببینەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 1ی شوبات ئاشکرای کە هەفتانە بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆرۆنا دەکەن و ئەگەر بەمجۆرەی ئێستا ئامارەکانی کۆرۆنا نزمبێت بڕیار لە کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان دەدەین.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی وتی، “پێشتر بڕیار بوو کە لە مانگی شوباتدا کۆبوونەوە لەسەر دەستپێکردنەوەی خوێندن بکەین وەک لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و بڕیار لەوبارەیەوە بدەین بەڵام هیچ بڕیارێک نەبووە کە لەم هەفتەیەدا کۆببینەوە”.

دکتۆر ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بەوەشکرد، “وەزارەتی تەندروستی بەبەردەوامی لەسەر خەتە تاوەکو دۆخی هەرێمی کوردستان و ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بەراورد بکات، هەفتانەش بەدواداچوونی گشتی بۆ دۆخی تەندروستی دەکات، ئەگەر ئامارەکانی توشبوون و مردن بە کۆرۆنا بەمجۆرەی ئێستا نزمبێت بڕیار لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن دەدەین بەرلە وادەی خۆی، بەو ڕێکارە تەندروستییانەی کە ئێستا بۆ قۆناغی دوانزەی ئامادەی جێبەجێ دەکرێت”.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کۆرۆنا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتی، “لەبەرئەوەی بەشێک لە ئەندامانی لیژنەکە ئێستا لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لە بەغدادن، بۆیە تاوەکو ئەو ئەندامانەی لیژنەکە نەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان ناتوانین هیچ بڕیارێک بدەین و کۆبوونەوە ناکەین”.

لای خۆشیەوە، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم بە تۆری میدیایی ئێستای وت، “ئێمە بریار لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن نادەین تەنھا ڕاپۆرتی وەزارەت لەبارەی دۆخی کۆرۆنا دەدەینە لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و بەپێی بۆچوونی ئەندامانی لیژنەکە بڕیار لەسەر پرۆسەی خوێندن دەدرێت”.

لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیاریدا تاوەکو 1ی ئازار پرۆسەی خوێندن دەستپێنەکاتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

چالاكوانانی ژینگە داوای ڕاوەستاندنی ئەمازۆن دەكەن

بابەتی دواتر

توێژەران: سەگ بەهرەی فێربوونی وشەی نوێی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share