سەرچاوەیەك لە یەكێتی: ئەوەی ماڵی لە شووشە بێت باشترە بەرد نەگرێتە قەڵایەكی پۆڵایین

سەرچاوەیەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش، كە دوایەمین پرسی پارێزگای كەركوك بوو كە دوای حەوت ساڵ لە ئاستەنگ دروستكردن لەبەردەم دانانی پارێزگارێكی كوردا یەكلاییكردنەوەی ئەم پرسە لەبەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو شارە بە ئامانج گەیشت، لەدوای ئەم سەركەوتنەی یەكێتی وەك هەمیشە پەیامێكی راشكاوانەی بڵاوكردەوە و دەستی تەبایی و هەماهەنگی بۆ هەموو هێزەكان درێژكردەوە، تا ئەو سەركەوتنانە بكەین بە فاكتی بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر كوردستان و ئاساییكردنەوەی ناوچە دابڕێندراوەكان و چارەسەركردنێكی ریشەییانەی كێشەكانی هەرێم و بەغداد و هەر پرسێكی دیكە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، كەچی بەداخەوە لە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەهۆی رق و كینەی ئەستووری باڵێكی ناو پارتی كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات، زەمینە نەڕەخسا كە كورد بە تەبایی و یەكڕیزیی بەشداربێت و بەیەك تیمیش دانووستان بكات، سەرەڕای ئەوانەش باڵی دەستڕۆیشتوو و خۆسەپێنی ناو پارتی، نەك پێشوازی لەم نیازپاكییەی یەكێتی نەكردووە، بەڵكو بە رق و كینەیەكی ئەستوورەوە لەرێگای میدیای رەسمی و سێبەرەوە رۆژانە پەلاماری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدات و كۆمەڵێك تۆمەتی نابەجێ و پڕ لە درۆ هەڵدەبەستێت و دەخاتە پاڵ یەكێتی، هەر بەوەش نەوەستان، بەڵكو لە دوێنێوە بابەتی جووڵەپێكردنی هێزێك لە دەڤەری كوڵەجۆی گەرمیان كراوەتە كەرەستەیەكی دیكەی تۆمەت هەڵبەستن و ئەمجارە بە فەرمانی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، میدیای ئەو باڵە خۆسەپێن و شكستخواردووە پەیامێكی چەواشەكارانە كە دوورە لە هەر ئاكارێكی میدیایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی بڵاودەكەنەوە، كە گوایە ئەو هێزە بە رێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ یەكێتی و بە ئاگاداری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی هاتوون، هەرچەندە هەر زوو چەواشەكارییەكەیان بوو بە بڵقی سەر ئاو و ریسی درۆیان بوو بە خوری، چونكە هەر زوو یەكێتی پەیامێكی راشكاوانە و بەرپرسانەی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند كە نە ئاگاداری هاتنی هێزەكەین و نە قبووڵی دەكەین بمێَننەوە، پاشانیش بە هەوڵ و دیپلۆماسیەتی یەكێتی هێزەكە پاشەكشەی كرد، هەر زووش لێداونەكەی حەشدی شەعبی خۆیان، كە دووپاتیان كردەوە هاتنەكەیان پەیوەست بووە بە زانیارییەكی هەواڵگریی بۆ كێوماڵكردنی سنوورەكە تەنها مایەپووچی بۆ میدیای درۆی ئەم باڵە هێشتەوە.

باس لەوەش كراوە، ئەوەی لە هەمووی ناخۆشترە ئەوەیە كە هاوكات لەگەڵ ئەم چەواشەكارییانەی ئەوان لەسەر جووڵەی هێزێك ئاگرێكی بێ ئامان لە دەڤەری بەرواری باڵا لە بادینان تەڕ و ووشكی چوار گوندەكەی سوتاند و لە پاڵ كارەساتە ژینگەیی و سروشتیەكەی ناوچەكە خەریك بوو هاوڵاتیانی ئەو گوندانە هاوشێوەی رەز و باخیان ببنە قوربانی و كارەساتێكی مرۆییش رووبدات.

بۆیە ئەگەر راستە مەسرور بارزانی و میدیا چەواشەكارەكەی خەمی هاوڵاتییان و خاكی كوردستانیان هەیە، دەبووایە لە جیاتی پەیامی چەواشەكاریی و ئەو هات و هاوارە لەسەر كوڵەجۆی دەڤەری گەرمیان، پەیامێكی كورتیان هەبووایە و تێیدا داوای یارمەتی و بەهاناوەچوونی لە خەڵكی كوردستان كردبایە، بەتایبەتی خەڵكی دەڤەری بادینان كە بەهانای هاوڵاتییانی ئەو گوندانەوە بچن و ژیانیان لە مەترسی رزگار بكەن، ئەوكاتە بەدڵنیاییەوە دڵسۆزان و خێرخوازانی دەڤەری بادینان بە هانای خەڵكە لێقەوماوەكە دەچوون و ئەو زیانە زۆرە بەر گوندەكانیان نەدەكەوت و ئاوارەی شوێنەكانی دیكە نەدەبوون، كەچی لەسەر ئەم رووداوە دڵتەزێنە مێش میوانیان نەبوو.

بۆیە ئێمە رایدەگەیەنین كە پشوو درێژیمان بەرامبەر رق و كینە و چەواشەكارییەكانی ئەم باڵە شەرەنگیزییەی ناو پارتی سنووری خۆی هەیە و لێرە بەدواوە بێدەنگی دەشكێنین نەك هەر وەڵامی چەواشەكارییەكانیان دەدەینەوە، بەڵكو هەموو ئەو راستییانە دەخەینەڕوو، كە مەسرور بارزانی هۆكاری تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی ‌و حكومڕانیی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانە و لەو ساتەوەختەوەی دەسەڵاتی گرتووەتەدەست دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ كەوتوونەتە مەترسیەوە و تەنانەت شیرازەی ناوخۆیی پارتیشی تێكداوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی ناوچە دابڕێنراوەكان هەر ئەوە دەیسەلمێنێت، كە بەهۆی سیاسەتی تاكڕەوانەی مەسرور بارزانیەوە حزبەكەیان خەریكە دەبێتە حزبێكی لۆكاڵی.

لەلایەكی دیكەوە ئەگەر مەرامێكی دیكەی باڵە خۆسەپێنەكەی ناو پارتی لە خوڵقاندنی كەشێكی ناسەقامگیری سیاسی و میدیای لە هەولێر بۆ ئەو مەرامە بێت، كە جارێكی دیكە بە خەیاڵی خۆی هەڵبژاردن دوابخرێت و لەسەر كورسیی حوكم بمێنێتەوە، ئەوە ئێمە دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانین و دەبێت تاڵاوی ئەو شكستە بچێژن زوو بێ یا درەنگ، دوا پەیامیشمان ئەوەیە كە ئەوەی ماڵی لە شووشە بێت باشترە بەرد نەگرێتە قەڵایەكی پۆڵاین.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی هەرێم مووچەخۆران ئاگاداردەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: کەموکورتی لە حوکمڕانی وایکردووە خەڵک بڵێن ڕاپەڕینمان نەکرد بۆئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بەبۆنەی یادی 31 ساڵەی ڕاپەڕینەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕاپەڕینی کورد وەستانەوە بوو بەرامبەر نادادی…
Total
0
Share