نابیستان چۆن دەتوانن مۆڵەتی شۆفێری وەربگرن؟

بەپێی رێنماییەکی وەزارەتی ناوخۆ، مۆڵەتی شۆفێری بە نابیستان دەدرێت، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی وردەکارییەکان دەخاتەڕوو.

بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەپێی رێنمایی ژمارە 6ی ساڵی 2024ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە لە مانگی پێنجی ئەمساڵ دەرچووە، دەبێت کارئاسانی بۆ شێوازی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری و رێکارەکانی بۆ خاوەنپێداویستی و کورتەباڵاکان، بەتایبەت نابیستان بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی رێنماییەکە، پێویستە لەلایەن نووسینگەکانی فێربوونی شۆفێرییەوە ئۆتۆمبێلی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەبێت کە جیاواز بێت لە ئۆتۆمبێلی کەسانی ئاسایی، هەروەها دەبێت مامۆستا و راهێنەری تایبەت هەبن کە وانە بۆ نابیستان ئامادەبکەن.

دەشڵێت، دەبێت کۆمەڵێک هەستەوەری تایبەت لەنێو ئۆتۆمبێلەکانی تایبەت بە نابیستان هەبن کە لە رێگای سیستمێکی رەنگی و دیارەوە نابیستەکە ئاگاداربکاتەوە کاتێک ئۆتۆمبێلەکە لە پێش و پاشی خۆی لە ئۆتۆمبێل یان تەنەکانی دیکە نزیکدەبێتەوە.

بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، وتیشی، لەڕێی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە نووسینگەکانی شۆفێری ئاگادارکراونەتەوە کە ئامادەکاری بکەن، ئەوەش پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

 

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی نوێنەران بەرنامەی کاری ئەمڕۆی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی گۆڕی

بابەتی دواتر

بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی هەژماری من لە هەولێرەوە فشار لە فەرمانبەرانی سلێمانی دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share