تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، “لە مانگی رابردوودا 18 هەزار و 181 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی چارەسەریان بۆ کراوە”.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەماوەی مانگی رابردوودا لەنەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاریی سلێمانی 18 هەزار و 181 منداڵی نەخۆش لەهەردوو بەشی دەوامی بەیانیان و بەشی راوێژكاری نەخۆشخانەكە بینراون و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، 2 هەزار و 545 منداڵ داخڵكراون.
بەپێی ئاماری تەندروستیی سلێمانی، لەمانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەی منداڵان هەزار و 130 حاڵەتی سكچوون و رشانەوە و وشكبوونەوە و 343 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆماركراون ، 255 منداڵ لەبەشی تیشك و دەمار و 258 منداڵ لەبەشی بەدخۆراكی و 259 منداڵ لەبەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراك و 181 منداڵ لەبەشی هەرس و جگەر بینراون.
لە راگەیەندراوەکەی تەندروستیی سلێمانیدا هاتووە، هەر لەو ماوەیەدا لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری 20 هەزار و 848 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 599 سۆنەر و 84 ئیكۆ و 32 نازور ئەنجامدراون و 420 تیشك گیراون.