وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ دەستپێکردنەوەی عومرە بۆ هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان، داواشدەکەن هیچ کەسێک ناو لەلای کۆمپانیاکانی حەج و عومرە تۆمار نەکات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوبەرایەتیی حەج و عومرەی سەربە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڵاویکردەوە، “دوای وەستاندنی گەشتەکانی عومرە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 2020/2/28 تاوەکو ئەمڕۆ ھیچ بڕیارێکی فەرمی لەلایەن وڵاتی عەرەبستانی سعودیە-وە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی عومرە بۆ ھاوڵاتییانی عێراق و ھەرێمی کوردستان”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئەوقاف-دا هاتووە، “ھاوڵاتییانی ئازیز ئاگاداردەکەینەوە تاوەکو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە بە فەرمی دەستپێکردنەوەی گەشتی عومرە ڕانەگەێنێت، ناوی خۆیان لای ھیچ کۆمپانیایەکی تایبەت بە عومرەکاران تۆمارنەکەن.”
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، “سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ئاگاداردەکەینەوە کە ناتوانن بەبێ دەرچوونی بریاری فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ھیچ ھەنگاوێک بنێن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسا و رێنماییەکان مامەڵەيان لە گەڵدا دەكرێت.”