عەلی حەمەساڵح سەرۆکی رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، ئەو دانپێدانانەی بە هاوڕێکەی کراوە، لێدانە لە کەسایەتی ئەو و پەیوەندی بە ئازادییەوە هەیە.
عەلی حەمەساڵح لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لەدوای ساڵی 2022 وەوە هیچ پاسەوانێکم نەماوە و ئەو رۆژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ویستیان بێنە هەولێر و لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان خۆپیشاندان بکەن، ئادەم عوسمان کە هاوڕێمە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی هات بە شوێنمدا و نەیویست بەتەنیا بڕۆم.
ئاماژەی بەوەشکرد، من بە ئاشکرا وێنە و ڤیدیۆی شەقامەکان و بەردەم نەتەوەیەکگرتووەکانم کردووە و لە پەیجی خۆم بڵاومکردووەتەوە، دواتر هەر شوێنێک کوردی بێت یان عەرەبی لای خۆیەوە بڵاویدەکاتەوە هیچ کێشەیەکی تێدانییە، ئەوان ئێستا پێیان وایە دانپێدانانێکی گرنگیان بڵاوکردووەتەوە.
عەلی حەمەساڵح وتیشی، ئەوان دەیانەوێت کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕەوا بکەنە ئەستۆی ئەو هاوڕێیەم، بەڵام ئەمە لێدانە لە کەسایەتی من، بەڵام من بەردەوام دەبم و دژایەتی زوڵم و ستەم دەکەم.