وەزارەتێکی پاکستان لە بارەی دیارنەمانی 50 هەزار هاوڵاتیی وڵاتەکەیەوە لە عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ”ئەو کەسانە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان و لەلایەن کۆمپانیاکانەوە فێڵیان لێکراوە”.
شودری حسێن، وەزیری ئەوقافی پاکستان لە لێدوانێکیدا لەبارەی چارەنووسی 50 هەزار هاوڵاتیی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، ”ئەو کەسانە دیارنەماون و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە و سەر بە هیچ حزب و رێکخراوێک نین، بە مەبەستی کارکردنی یاسایی لە رێگای کۆمپانیاکانەوە گەشتیان کردووە، بەڵام ئەو کۆمپانیایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێنەکردووە و لە عێراق بەجێیان هێشتوون و فێڵیان لێکراوە”.
پێشتر حکومەتی پاکستان بێسەروشوێن بوونی 50 هەزار هاوڵاتی وڵاتەکەی لە عێراق راگەیاند و ئەوەش وایکرد حکومەتی بەغداد بەخێرایی لێکۆڵینەوە لە دزەپێکردنیان بکات لەکاتی سەردانکردنیان بۆ مەزارگە ئاینییەکانی عێراق.
وەزیری ئەوقافی پاکستان جەختیلەوە کردەوە، ”بۆ بەیاساییکردنی بوونی ئەو کەسانە لە عێراقن لەگەڵ نوێکردنەوەی ماوەی مانەوەیان لەگەڵ وەزارەتی کاری عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتمان واژووکرد”.
لەو بارەیەوە لیژنەی هەمیشەیی کاروباری ئایینی و هەماهەنگی نێوان ئایینەکان لە پەرلەمانی پاکستان سیاسەتێکی نوێی بۆ گەشتکردن بۆ شوێنە پیرۆزەکانی وڵاتانی دیکە پێشنیارکرد کە داوا دەکات بۆ پەسەندکردنی ئەو گەشتانە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێن.