قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کۆبووەوە

جێگری سەرۆك وەزیران لە دیداری جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا جەختیكردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەربازیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی برادلی کووپەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم).

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەکانی ئەمریکای کرد کە بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی دیكەی کوردستان و لەم دوایانەدا پێکەوە ئۆپەراسیۆنی زۆر سەرکەوتوویان لە دژی تیرۆریستان ئەنجامداوە.

لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا لەسەر پرسی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە گفتوگۆکرا. هەردوولا هاوڕابوون تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، تا لەلایەکەوە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆر بهێنرێت و لەلایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەری حکومەتی عێراق بن لە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە کرا. جێگری سەرۆك وەزیران پشتگیری خۆی بۆ بەردەوامبوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە و هیوای خواست بە هاوکاری هاوپەیمانان هەنگاوەکانی چاکسازی بە شێوەیەکی خێراتر جێبەجێ بکرێن.

كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

 

بابەتی پێشتر

هەمواری یاسای باری كەسێتی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لابرا

بابەتی دواتر

کاملا هێرس كێیە و دەبێتە سەرۆکی نوێی ئەمریکا؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share