پۆلیسی سۆران دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار لە قەزای رەواندز رادەگەیەنێت کە لە چەند شوێن و کاتێکی جیادا ئاگریان کردووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە 21ی ئەم مانگە کاتژمێر دووی شەو، دوای ئەوەی زانیارییمان پێگەیشت بە بوونی چەند حاڵەتێکی ئاگر کەوتنەوە لە سنووری قەزای رەواندز دەستبەجێ لەلایەن بەشی پۆلیسی رەواندز دەست بە لێکۆلینەوە کرا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بە هاوکاریی بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران / نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رەواندز دوای بەدواداچوون و لێکۆلینەوەیەکی ورد توانرا لەماوەی چەند کاتژمێرێک تۆمەتباران دەستنیشان بکرێن و دەستگیر بکرێن کە دوو تۆمەتبار بوون.
پۆلیسی سۆران دەڵێت، تۆمەتباران لە وتەکانیاندا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە کە چەند ئاگرێکیان کردووەتەوە لە چەند شوێن و کاتێکی جیاواز لە سنووری قەزای رەواندز، ئێستا تۆمەتباران لە سەر بڕیاری دادوەری لێکۆلینەوەی رەواندز بەپێی ماددەی 480 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون.