ئەنجومەنی باڵای ئابوریی هەرێم ھێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی بودجەی تاووتوێكرد

ئەنجومەنی باڵای ئابوریی هەرێم هێڵە گشتییەكانی ڕەشنووسی بودجەی ئەمساڵی تاووتوێكرد و سەرۆكی حكومەتیش دەڵێت، هەموو هەوڵێکیان خستووەتەگەڕ لەپێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان.

ئەنجومەنی باڵای ئابوریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 12ی كانونی دووەم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی کرا.

‎هەریەک لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیرانی دارایی و ئابوری و دارا ڕەشید، وەزیری پلاندان ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و ئامادەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 خستەڕوو.

بە پێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە مەسرور بارزانی وتیوویەتی، “حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستوەتەگەڕ لەپێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی”.

جەختیشیكردووەتەوە، “پێویستە لە ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2021، هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاوبگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجیی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت”.

‎سەرۆکی حکومەت دوپاتیشیكردەوە، هەرێمی کوردستان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هەموو ئەرکە دەستورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بۆیە دەبێ ‎دەسەڵاتی فیدراڵییش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابینبکات.

بڕیارە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە ھێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی بودجەی ھەرێم، سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بخرێتەڕوو.

بابەتی پێشتر

شارەزایەكی سەربازی: واشنتن هەنگاو بۆ دانانی حەشدی شەعبی لە لیستی تیرۆردا دەنێت

بابەتی دواتر

بڕیاردرا كارتی بایۆمەتری دەنگدان وەك بەڵگەنامەیەكی فەرمی كاری پێ بكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share