جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، رایدەگەیەنێت، لەبەر چەند هۆکارێک زۆرینەی یەکەمەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سنووری سلێمانیدا بوون.
عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمساڵ لە سنووری سلێمانی وەرزێکی خوێندن بە تەواوەتی بایکۆت بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیومانە ئاستێکی باشی دەرچوون بەدەستبهێنین.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، باسی لەوەش کرد، خوێندکاران خۆیان لەگەڵ مامۆستا و خوێندنگەکان هۆکاری ئەوە بوون کە سەرەڕای بایکۆت ئەو رێژە باشەی دەرچوون و یەکەمبوون لە سلێمانی بەدەستبهێندرێت.
باسی لەوەش کرد، لە هەر خوێندنگایەک خوێندکارەکان گلەییان لە هەر مامۆستایەک هەبێت لە رووی وتنەوەی وانەوە دەستبەجێ لێپرسینەوە دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی بە 25%ی پارەی فرۆشگای خوێندنگەکان بەڕێوەچووە، واتە تەنها ئەو بڕە پارەیەیان لێوەرگیراوە، لەبەر ئەوەی بایکۆت هەبوو فرۆشگای خوێندنگەکان نەیان دەتوانی بە تەواوی بەشداربن بۆیە تەنها ئەو بڕە پارەیەمان لێوەرگرتوون.
عومەر محەمەد، باسی لەوەش کرد، هەندێک خوێندنگە لە سلێمانی هەن کە ناوبانگیشیان نییە، بەڵام رێژەیەکی باش دەرچوویان هەبووە، شتێک نییە بە ناوی جیاکاری لەنێوان خوێندنگەی نمونەیی یان ئەهلی یان خوێندنگە ئاساییە حکومییەکان و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بە وتەی عومەر محەمەد، ئەمساڵ کەمترین گزی کراوە کە 50 گزییە لەکاتێکدا ساڵانی رابردوو رێژەیەکی زۆر زیاتر و نزیکەی 1000 گزی تۆماردەکران، ئێستا سیستمی پەروەردە گۆڕانکاری زۆری تێداکراوە بەتایبەت لە دەفتەری تاقیکردنەوەکاندا کە کۆد و سریاڵی تایبەتی خۆیان لەسەرە.