توێژینەوە پزیشکییەکانی ئەم دواییە هۆشدارییانداوە لەو مەترسییە تەندروستییە جددییانەی پەیوەندییان بە درێژکردنەوەی برژانگەوە هەیە کە تادێت لە جیهانی جوانکارییدا فراوانتر دەبێت.
بەپێی توێژینەوەکان، نیشانەکانی ئەو مەترسییانە لە هەوکردنی چاوەوە دەستپێدەکەن و رەنگە بگەنە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە.
ماڵپەری ساینس ئەلێرت، لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، زیاتر لە 60%ی ئەوانەی برژانگی دەستکرد بەکاردەهێنن تووشی هەوکردنی چاو و پێڵوی چاو دەبن.
هەروەها 40% یان کاردانەوەی هەستیارییان لەبەرامبەر ئەو چەسپانە بۆ دروستبووە کە بۆ لکاندنی برژانگی دەستکرد بەکاریدەهێنن.
برژانگی دەستکرد، یەکێکە لە شێوازە باوەکانی درێژکردنەوەی برژانگی سروشتی لە جۆرەها ماددەی جیاواز دروستکراوە لەوانە ریشاڵی سروشتی وەک ئاوریشم یان مووی ئەسپ، یاخود ریشاڵی دەستکردی وەک نایلۆن یان پلاستیک لەگەڵ بەکارهێنانی چەسپ.
ماڵپەڕەکە دەڵێت، ئەوەی مەترسییەکە زیاتر دەکات ئەوەیە کە 75%ی ئەو چەسپانەی بۆ برژانگ دروستدەکرێن فۆرمالیدەهایدیان تێدایە کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە لەکاتێکدا هەندێک لە کۆمپانیاکانی بواری جوانکاری بوونی ئەو ماددەیە لە پێکهاتەی بەرهەمەکانیاندا ئاشکراناکەن.
هەروەها شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی بەرهەمەکانی درێژکردنەوەی برژانگ وەک دەرزی و سیرۆم رەنگە مەترسی لەسەر چاو و دەروبەری چاو دروستبکەن.
راپۆرتەکەی ماڵپەری ساینس ئەلێرت، جەخت لەسەر گرنگیی برژانگی سروشتی دەکاتەوە وەک هێڵی یەکەمی بەرگری بۆ پاراستنی چاو بەوپێیەی وەک بەربەستێک لەبەرامبەر خۆڵ و تەپوتۆز و پیساییەکان کاردەکەن و ئاراستەی هەوای پیس لە چاو دووردەخەنەوە.
راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە، ئەو ئەرکە گرنگانەی برژانگی سروشتی لە مەترسیدا دەبن کاتێک برژانگی دەستکرد یان بەرهەمەکانی درێژکردنەوەی برژانگ بەکاردەهێنرێن.