ئەسیر داود، وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، دانوستانەکان بۆ پەیوەستبوونی عێراق بە رێکخراوی بازرگانیی جیهانییەوە بە خێرایی بەڕێوەدەچێت، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە هەموو وڵاتان ئارەزووی گەڕانەوەی عێراق دەکەن وەک یاریکەرێکی گرنگی ئابووری جیهانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ پەیوەستبوونی عێراق بە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی رووداوێکی چۆنایەتییە و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە حکومەت لە رێگەی بەرنامەکەیەوە بەڵێنی پێدابوو بۆ چاکسازی لە دۆخی ئابووری، بە لەبەرچاوگرتنی کەرتی تایبەت وەک بەشێکی جەوهەری و بڕبڕەی پشتی ئابوری عێراق.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، هەموو وڵاتان عێراق بە ئابورییەکی گرنگ دەزانن و هەمووان ئارەزووی گەڕانەوەی دەکەن بۆ ناو رێکخراوەکە.
لای خۆیەوە سەقر عەبدوڵڵا موقبل باڵیۆزی سعودیە لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی رایگەیاند، تێڕوانینێکی ئەرێنی هەیە کە دەبینین عێراق پەیوەندی بە سیستەمێکی بازرگانی فرەلایەنەوە بکات بەو پێیەی یەکێکە لە گەورەترین ئابورییەکانی دەرەوەی ئەم رێکخراوە.