دەزگای ئاسایشی هەرێم روونكردنەوە لەبارەی رووداوەكەی بەیانیی ئەمڕۆی ناحیەی قەرەهەنجیر دەدات.
دەقی روونكردنەوەكە:
روونکردنەوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێم:
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2024/7/14 کاتژمێر 8ی بەیانی لە ناحیەی (قەرەهەنجیر)، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکوک لە ئەنجامی دەستخستنی زانیاری پێشوەخت و چاودێریی وورد و بەدواداچوون، بەمەبەستی دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش رووبەڕووبوونەوە روویدا و لە ئەنجامدا تیرۆریستێک کوژرا و یەک لە تیرۆریستان بە برینداری دەستگیرکرا.
ئەم دوو چەکدارەی گروپی تیرۆریستیی داعش بەمەستی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی روویان لە ناوچەکە کردبوو، لە رابردوودا لە کردەوەی یەکەم کارمەندێکی پۆلیس شەهید دەکەن لە گەڕەکی شۆراو و لە کردەوەی دووەم لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە کاتی دانانی بۆمبی چێنراو رووبەڕووبوونەوە روویدا و کارمەندێکی پۆلیس شەهیدبوو و هەروەها لە کردەوەی سێهەمیان دوو کارمەندی تری پۆلیسی کەرکوک لەناو بازاڕی کەرکوک شەهید دەکەن و لە کردەوەی چوارەمدا لە بەردەم نەخۆشخانەی جمهوری ئەفسەرێکی پۆلیسیان شەهیدکرد، تیرۆریستان چەندین کردەوەی تیرۆریستیان ئەنجامداوە.
بەداخەوە لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوە لە قەرەهەنجیر، کارمەندێکی ئاسایش بەناوی (جوامێر عەزیز رەشید) شەهیدبوو و کارمەندێکی ترمان برینداربوو.