زیانەكانی بەكارهێنانی مۆبایل پێش خەوتن دەزانیت؟

توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرایدەكات پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە لە جۆری دووەم و زۆر بەكارهێنانی مۆبایل و شاشە زیرەكەكان لە شەودا.

بەپێی ئەنجامەكانی بایۆبانكی بەریتانی، ئەو كەسانەی رووبەڕووی تیشكی زەرد یان شینی دەرچوو لە ئامێرە زیرەكەكان دەبنەوە بەر لە چوونە جێگا و مانەوەیان تا ناوەندی شەو یان بەرەبەیان، كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستییان دێتە ئاراوە بە رێژەیەك تا زیاتر لە 60%، بەراورد بەو كەسانەی كەمتر رووبەڕووی ئەو تیشكە دەبنەوە لە كاتێكی پێشتردا.

تۆڕی سكای نیوز لە زاری دكتۆر فاتح خەتیب، پزیشكی راوێژكار لە سەنتەری هێلس پلەس ئاماژەی بەو هەوڵانە دا كە توێژەران بەگەریانخستووە لەمیانەی تاقیكردنەوەكەدا كە لەسەر 84 هەزار كەس ئەنجامدراوە.

روونیكردەوە، بەدواداچوون بۆ ئەو كەسانە كراوە بۆ ماوەی نێوان حەوت تا هەشت ساڵ، تیایدا چاودێریی بڕی ئەو رووناكییە كراوە كە هەر كەسێكیان لەماوەی حەوت رۆژدا بەریدەكەون.

بەپێی توێژینەوەكان ئەو كەسانەی بۆ ماوەیەكی زۆر لە شەودا بەر رووناكی كەوتوون، زیاتر لە بەردەم ئەگەری تووشبووندان بە نەخۆشیی شەكرە.

كاتژمێری بایۆلۆجیی جەستە كاری رێكخستنی هۆرمۆنەكان رێكدەخات، كە هەندێكیان لە كاتژمێرەكانی بەیانیدایە وەك هۆرمۆنی كۆرتیزۆن كە چالاكییەكانی مێشك و جەست پەرەپێدەدات. لە ئاكامی ئەو هۆرمۆنەیە مرۆڤ هەست بە چالاكی و پڕوزەیی دەكات لە كاتەكانی بەیانیاندا.

هەروەك هۆرمۆنی تستۆستیرۆن، كە هۆرمۆنی نێرینەن، لە بەیانیی زوودا دەگاتە ترۆپك، ئەمەش بۆ توانا بەخشینە بە مرۆڤ تا رۆژەکەی دەستپێبکات و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی ئەنجام بدات.

جەستە لە شەودا هۆرمۆنی دیكە دەردات كە بە هۆرمۆنەكانی خەوتن ناودەبرێن، دیارترینیان میلاتۆنین-ە، ئەو هۆرمۆنەی هاریكاریی خەوتنی باش دەدات.

بەپێی بەركەوتن بە رووناكیی سروشتیی دەوروبەرمان، كاتژمێری بایۆلۆجیی جەستەمان دەگۆڕێت لەنێوان شەو و رۆژدا و، لەڕێیەوە دەردانی هۆرمۆنەكان رێكدەخات.

بەركەوتنی زیاد لە پێویستی رووناكی لە شەودا، كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر دەردانی هۆرمۆنی ئەنسۆلین، كە بەرپرسە لە رێكخستنی ئاستی شەكر لە خوێندا، دەبێتەهۆی تێكچوونی كاركردن لەم بوارەدا.

بابەتی پێشتر

سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا یاسای ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا هەڵوەشاندەوە

بابەتی دواتر

ئەنجومەنێک بۆ بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراق دادەمەزرێندرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share