شەوی رابردوو لە کاتژمێر 11:57 خولەک بە کاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان سێ بوومەلەرزە لە سنووری گەرمیان روویانداوە، یەکێکیان کە هەستی پێکراوە، بەهێز بووە و دوانەکەی دیکە پلەکانیان کەم بووە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، وردەکاریی بوومەرلەرزەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، گوڕی بوومەلەرزە بەهێزەکەیان 4.9 پلە بووە بە پێوەری رێختەر و لەلایەن دانیشتوانی چەندین شار و ناوچەی دەوروبەرەوە هەستی پێکراوە.
باسی لەوەشکردووە، چەقی بوومەلەرزەکە 6 کیلۆمەتر دووربووە لە ناوەندی قەزای کەلارەوە و 30 کیلۆمەتر دووربووە لە ناوچەی خانەقینەوە لە پارێزگای دیالە.
راشیگەیاندووە، دوو بوومەلەرزەی دیکەی بچووک بە گوڕەکانی 2.5 پلەی رێختەر و 2.0 پلەی رێختەر روویانداوە و خۆشحاڵانە هەر سێ بوومەلەرزەکە زەرەری گیانییان بەدواوە نەهاتووە.