بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردن كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا رزگار حاجی حەمە دوایین ئامادەكارییەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن خستەڕوو و ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بەرنامە و پلانانەی لە كۆبوونەوە باڵاكاندا بڕیاریان لێدراوە، جێبەجێكراون و یەكێتی بە هەمووشێوەیەك ئامادەی هەڵبژاردنە.
لە بەرامبەردا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی لێپرسراو و هەڤاڵانی مەكتەبی هەڵبژاردنی كرد كە لە رابردوودا دڵسۆزانە ئەركەكانیان بەجێگەیاندووە بە تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە یەكێتی بووە هێزی یەكەمی لایەنە كوردستانییەكان، جێدەستیان دیاربووە و ماندوونەناسانە كاریانكردووە.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ رایگەیاند، “یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی نییە، دروستكردنی هەر بەربەستێكیش لەبەردەم ئەو پڕۆسە گرنگەدا، لێدانە لە خواستی خەڵك و رەوتی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان و پێویستە هەموولایەنەكانیش پابەندبن بەو وادەیەی كۆمسیۆن وەك لایەنی رەسمی و جێبەجێكار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێشنیازیكردووە كە 5ی ئەیلولی ئەمساڵە و هیچ بیانوویەكی بۆ دواخستنی پڕۆسەكە نەهێشتووەتەوە و دووپاتیشیدەكەینەوە یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە لەو وادەیەدا و پێشوازیی لە پێشنیازەكەی كۆمسیۆن دەكەین”.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ وتیشی، “پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەستبە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی بكەن و پێكەوە لەپێناو كوردستانێكی بەهێزتر و داهاتوویەكی پرشنگدارتر هەنگاوبنێن و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان نەبنە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەكان و ژیانی خەڵكە خۆشەویستەكەمان تێكەڵی ململانێ ناڕەواكان نەكرێت و وتیشی، پەیڕەوكردنی ئەم هەنگاوانە بوێری دەوێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بێگومان ئامادەیە”.