مەترسییەكانی سووتانی كۆگا نەوتییەكەی هەولێر لەسەر هاوڵاتییان ئاشكرادەكرێت

شارەزایەكی بواری ژینگە مەترسییەكانی سووتانی كۆگا نەوتییەكەی هەولێر لەسەر ژینگە و هاوڵاتییان ئاشكرادەكات و دەڵێت، ماددەیەكی سووتاوی كۆگاكە یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە.

خالید سلێمان، نووسەر و رۆژنامەنووسی بواری ژینگە رایگەیاند، زۆربەی زانیارییەكان دەربارەی ئاگرکەوتنەوە كۆگا نەوتییەكەی هەولێر-گوێر پەیوەستن بە زیانە ماددییەکانەوە کە وا مەزەندە دەکرێت پێنج ملیۆن دۆلار بێت. هەندێك لە میدیاكانیش تەنها باس لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەکەن، وەک ئەوەی دوای کوژاندنەوە، ئیتر هەمو شتێک نۆرماڵ بێت.

لە رووداوەكەدا جگە لە سێ كۆگای قیری شل، نزیکەی 50 بۆ 60 تانکەری گەورەی نەفتا سووتاون.

خالید سلێمان دەڵێت، یەکێکی دیلە لە بەرهەمەکانی ئەم پاڵاوگە و کۆگایانە، ماددەی فلۆرین-ە کە لە ژێر زەویدا بە پلێت عەمباری بۆ دروست دەکرێت و هەروەها سیستمی بارکردن و بەتاڵکردنی سووتەمەنیان بۆ دانراوە.

روونیشیدەكاتەوە، “فلۆرین یان فلۆرانتێن ماددەیەکی بۆندارە و لە نەفتالیندا هەیە، کە ئەمیش لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەی پیشەسازی زۆرە، وەک پیشەسازیی پلاستیک، زۆربوونی لە هەوادا زیانێکی زۆری هەیە و دەبێتە هۆی تێکدانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و شێرپەنجە و چەندەها نەخۆشی دیكە”.

ئەو نووسەرە مەترسییەكانیش لە چەند خاڵێكدا ئاشكرادەكات و دەڵێت، “یەكەم 15 تا 17 هەزار تۆن ماددەی فلۆرین لە یەک کۆگادا سوتاوە، ئەم سووتانەش رێژەی زۆری لە دوکەڵ و گازی ژەهراوی خستوەتە کەشوهەوای هەولێرەوە. بەگوێرەی ئاژانسی ئەمریکیی بۆ پاراستنی ژینگە، ئەم مادەیە یەکێکە لەو مادە پیسکەرانەی کە کاریگەریی زیانبەخشی بۆ سەر تەندروستی هەیە، چونکە گەردیلەکانی زوو بەناو هەوادا پەرش و بڵاودەبنەوە. دەچنە ناو هەناسەوە و هەروەها لەڕێگەی دەرزیئاژنەوە دەخزێنە ناو پێستی مرۆڤ و گیانەوەرەکانەوە”. ئاماژەشدەدات، بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجەش، فلۆرین یان فلۆراتێن یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە.

لە خاڵی دووەمیشدا باس لەوەدەكات، ئەم پاڵاوگانە جگە لەوەی نایاسایین، مەرجەکانی تەندروستییان تێدا نییە و رێکارەکانی رێگری لە کەوتنەوەی ئاگریان تێدا نەگیراوەتەوە بەر. کەوابێت هیچ گرەنتیەک نیە بۆ ئەو چاڵاوگانەی بۆ هەڵگرتنی فلۆرین لەژێر زەویدا هەن. لەپاڵ نەبوونی هیچ مەرجێکی تەندروستی و ژینگەییدا، ئەم مادە شلە زیانبەخشە دەچۆڕێتە ژێر زەوییەوە و دەبێتە هۆی پیسکردنی گرنگترین سەرچاوەی سروشتیی ئەویش ئاوی ژێر زەوییە.

خالید سلێمانی خاڵی سێیەمی مەترسییەكان باسدەكات و دەڵێت، ئەو کۆگایەی کە بە تەواوەتی سووتاوە رووبەرەکەی نزیکەی 25 دۆنمە، ژمارەکانیش دەڵێن 200 پاڵاوگە و کۆگا هەیە. ئەگەر لێکدانەوەی ماتماتیکی بۆ بکەین و هەر کارگەیەک 25 دۆنمی بۆ تەرخان بکەین، یانی 5000 هەزار دۆنم شوێنی ئەو پاڵاوگە و کۆگانەیە. کەواتە رووبەرێکی ئاوەها فراوان لە دەرەوەی یاسا و دوور لەهەر مەرجێکی سەلامەتیی، تەندروستی و ژینگەیی بونەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیی گشتی و پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی.

كاتژمێر 8:20 خولەكی شەوی چوارشەممە ئاگر لە كۆگایەكی نەوتی رێگای هەولێر-گوێر كەوتەوە و دوای 20 كاتژمێر دوێنێ بەرگریی شارستانی كۆنتڕۆڵكردنی راگەیاند.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینی سەربازی دابەشدەكرێت

بابەتی دواتر

ئاگر لە كارگەیەكی هەولێر كەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە پەرلەمان، لە بری مەسرور بارزانی، داوای بانگهێشتكردنی قوباد تاڵەبانی دەكرێت

ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن واژوویان كۆكردووەتەوە بۆ ‏بانگهێشتكردنی بەرپرسانی حكومەت لەبارەی توندوتیژییەكانی خۆپیشاندانی خوێندكاران، ‏بەڵام لەبری…
Total
0
Share